ئەمریکا: لەمەودوا بەهێزی سەربازی ڕژێمەکان ناگۆڕین

03/03/2021
فۆتۆ: 

ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بەڵێنیدا، واشنتن بەهیچ شێوەک هێز بەکارنەهێنێت بۆ ڕوخاندنی ڕژێمەکان، پێشیوایە دەستوەردانەکانی ڕابردوو ناوبانگی دیموکراسیەتی ئەمریکای شێواندووە.

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لەوبارەیەوە وتی، "ئیدارەی جۆ بایدن هەوڵدەدات ئاڕاستەی دەستوەردانی سەربازیی پێشوو بگۆڕێت، کە پەیڕەو دەکرا بۆ گۆڕینی سیستمەکان لە وڵاتان، لەبری ئەوە پەنادەبات بۆ ئەنجامدانی گفتوگۆی دیپلۆماتی".

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ئاماژەی بەوەشکردووە، دەستوەردانەکانی پێشوو ناوبانگی دیموکراسیەتی شێواندووە و متمانەی گەلی ئەمریکای لە دەستداوە.

جەختیشیکردەوە ئەوان لەمەودوا بە ڕێگەی جیاوازتر پەیڕەو دەکەن و پشتیوانی دیموکراسیەت ناکەن لەڕێگەی دەستوەردانی سەربازییەوە، یان هەوڵدان بۆ ڕوخاندنی ڕژێمەکان لەڕێگەی هێزەوە، چونکە خەرجی و بودجەیەکی زەبەلاحی دەوێت، جگە لەوەش پێشتر ئەو هەنگاوانەیان تاقیکردووەتەوە، کە سەرباری نێیەت پاکی بەڵام سەرکەوتوو نەبووە.

لە بەشێکی تری وتەکانیدا وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ئاماژەی بەوەشکرد، ئیدارەی بایدن هەوڵی بنیاتنانی سیاسەتێکی دەرەوەی نوێ دەدات، کە دژی سیاسەتی پەراوێزبوونی دۆناڵد ترەمپە، هەروەها  دەیانەوێت خۆیان بەدوور بگرن لەو ڕەخنانەی کە دەگوترێت ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، دەستوەردان دەکات لە هەموو وڵاتانی جیهاندا لە ئاسیا و ئەفریقا و ئەمریکای لاتین.

لە کۆتایی وتەکانیدا وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ئاماژەی بەوەشکرد، نائامادەیی ئەمریکا لەسەر شانۆی جیهان دەبێتە هۆی بەرپابوونی بێسەروبەری، لە ئێستاشدا چین تاکە دەوڵەت کە دژایەتی سیستمی نوێی جیهانی دەکات و چین شوێنی خۆی گرتووە.