پاپا سەردانەکەی بۆ عێراق بە حەج ناو دەبات

04/03/2021
فۆتۆ: 

پاپا فرەنسیسی پاپای ڤاتیکان لە تویتەری فەرمی خۆی تویتێکی لەبارەی سەردانەکەی بۆ عێراق کرد و دەڵێت سبەینێ بە حەجێکی سێ رۆژە دەچمە عێراق.

پاپا فرەنسیس دەشڵێت ماوەیەکی زۆرە ویستومە سەردانی عێراق بکەم چونکە هاوڵاتیەکانی ئازاری زۆریان بینیوە.

نوسیویەشێتی داواتان لێ دەکەم لە نوێژەکانتاندا دوعای سەرکەوتن بۆ گەشتەکەم بکەن.

ئەوە لەکاتێکدایە بڕیارە سبەینێ هەینی پێنجی ئازاری 2021 بۆ یەکەمجار لە مێژوودا پاپا فرەنسیس پاپای ڤاتیکان و مەسیحیەکانی جیهان سەردانی عێراق بکات.

کارنامەی سەردانەکەی پاپا بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان

بەپێی کارنامەی سەردانەکەی سەرەتا کە دەگاتە فڕۆکەخانەی بەغدا لەلایەن مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراقەوە پێشوازی لێ دەکرێت و دواتر بەرەوە سەرۆکایەتی کۆمار بەڕێدەکەوێت.

دواتر بەرەوە کەنیسەی سەیدە نەجات دەڕوات لە بەغدا و لەگەڵ مەسیحیەکان نوێژدەکات و کۆدەبێتەوە.

رۆژی شەممە سەردانی شاری نەجەف دەکات و لەگەڵ عەلی سیستانی مەرجەعی باڵای شیعەکان کۆدەبێتەوە و دواتر دەچێتە ناسریە و سەردانی شوێنەواری ئوری مێژووی دەکات.

ئێوارەی هەمان رۆژ بەشداری ڕێوڕەسمی مەسیحیەکان دەکات لە کەنیسەی ماریوسف لە بەغدا.

رۆژی یەکشەممە حەوتی ئازار سەردانی هەرێمی کوردستان دەکات و دەگاتە فڕۆکەخانەی هەولێر و لەلایەن نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمەوە پێشوازی لێ دەکرێت.

هەر بەپێی بەرنامەی سەردانەکە دواتر بە هەلیکۆپتەر دەچێتە موسڵ و لەوێ نوێژ بۆگیانی قوربانیانی جەنگ دەکات و سەردانی کەنیسەی تاهیرە گەورە دەکات لە قەرەقوش.

دواتر دەگەڕێتەوە بۆ هەولێر و لە یاریگای فرەنسۆ حەریری نێودەوڵەتی ڕێوڕەسمێکی ئاینی گەورەی بۆ رێکدەخرێت.

رۆژی دووشەممە هەشتی ئازار دەچێتەوە بۆ فڕۆکەخانەی بەغدا و لەوێ رێوڕەسمی ماڵئاوای بۆ رێکدەخرێت و دەگەڕێتەوە بۆ ڤاتیکان.

کاردانەوەکان

سەردانەکەی پاپای ڤاتیکان چەندین کاردانەوەی لێکەوتۆتەوە و بەهۆیەوە حکومەتی عێراق و هەرێم هەموو ئەو شوێن و ڕێگایانەیان نۆژەنکردۆتەوە کە پاپا سەردانی دەکات،بەوهۆیەوە هاوڵاتیانی عێراق هەڵمەتێکیان بەناوی داوا لە پاپا بکە لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان ڕاگەیاندوە.

ئامانجی هەڵمەتەکە ئەوەیە داوا لە پاپا بکە سەردانی ناوچە و شارەکەت بکە بۆ ئەوەی حکومەت پرۆژەکانتان بە خێرای بۆ جێبەجێبکات.

پاپا فرەنسیس بە ڕەچەڵەک خەڵکی وڵاتی ئەرجەنتینە و لە ساڵی 2013 ەوە بە پاپای ڤاتیکان و مەسیحیەکانی جیهان هەڵبژێردراوە.