وەزیری نەوتی عێراق هاوردەکردنی یەک ملیۆن ڤاکسینی روسی ڕاگەیاند

04/03/2021
فۆتۆ: 

وەزیری نەوتی عێراق کە ئێستا بەسەردانێک لە ڕوسیایە ڕایگەیاند لە چەند هەفتەی داهاتوو یەک ملیۆن ڤاکسینی ڕوسی دژی کۆرۆنا دەگاتە عێراق.

ئیسحان عەبدولجەبار وەزیری نەوتی عێراق ڕاشیگەیاند ڕێکەوتن بۆ هێنانی ڤاکسینەکە کراوەو لە جۆری سپۆتنیکە.

ئەوە لەکاتێکدایە لەچەند رۆژی ڕابردوودا وڵاتی چین بڕی 50 هەزار ڤاکسینی سینۆفارمی بە عێراق بەخشی.

هەروەها لە رێگەی کونسڵگەری چینەوە بڕی 5 هەزار لە ڤاکسینەکە بە هەرێمی کوردستانیش بەخشراوە و لە ئەمڕۆەوە دەستکرا بە کوتانی پزیشکان  وکارمەندانی کەرتی تەندروستی.

پێشتر وەزارەتی تەندروستی عێراق ڕایگەیاند ئەو بڕە ڤاکسینەی گەیشتووە لەسەرەتا لە کارمەندانی تەندروستی و پزیشکان و هێزە ئەمنیەکان و کەسانی بەساڵاچوو دەدرێت.

هەروەها عێراق رێکەوتنی لەگەڵ کۆمپانیای فایزەر و بایۆنتیک هەیە بۆ کڕێنی ڤاکسین،بەڵام کۆمپانیاکە مەرجی ئەوەی هەیە لە پەرلەمانی عێراق یاسایەک بۆ پاراستنی کۆمپانیاکە و بەرهەمەکانیان دەربچێت.

لە چەند رۆژی ڕابردووشدا ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق پرۆژە یاساکەی پەسەندکرد و ڕەوانەی پەرلەمانیکرد بۆ ئەوەی دەنگی لەسەر بدرێت.

ئەوە لەکاتێکدایە نزیکەی مانگێکە ڤایرۆسی کۆرۆنای گۆڕاو لە عێراق و هەرێمی کوردستان تۆمارکراوە و تا ئێستا بەرپرسانی تەندروستی ئاشکرایان نەکردوە کە ڤاکسینی چینی و روسی تا چەند بەرامبەر کۆرۆنای گۆڕا کایگەرن.