بۆچی منداڵان پێویستیان بە شانۆی تایبەت بەخۆیان هەیە؟

04/03/2021
فۆتۆ: 

دەیڤد وود & جانێت گرانت

لە ئینگلیزییەوە: گۆران محەمەد

سەرەتا دەبێ ئاماژە بەوە بدەین کە شانۆی منداڵان جیاوازە لە شانۆی گەوران، چونکە شانۆی منداڵ لەبنەڕەتدا خاوەنی چەندین سیفات و تایبەتمەندی خۆیەتی و ئامانجە سەرەکییەکەی  بریتییە لە  کردنەوەی دەرگایەکی واڵا بۆ دونیای خەیاڵ و چیژ وەرگرتن لەلای منداڵ.

ئەمە جگەلەوەی وتەیەکی ناودار هەیە، دەڵێ (بوونی شانۆییەکی تەندروست  ئاماژەیە بۆ بونی کۆمەڵگەیەکی  شارستانی تەندروست) کەواتە منداڵانیش بەشێکی گرنگ و پێکهێنەری ئەو کۆمەڵگەیەن،  منداڵ بۆ ئەوەی پێگەی تایبەت بە خۆی هەبێ، سەرەتا پێویستە شانۆيەکی تایبەت بە خۆی هەبێ. هەروەک چۆن شانۆنامەنوسی بەناوبانگی بواری شانۆی منداڵان (ئەندریە میشێل)  دەڵێ " ئەگەر بڕیار وابێ هەموو شارێک خاوەنی شانۆی خۆی بێ، کەواتە دەبێ منداڵانیش خاوەنی شانۆی خۆیان بن ".

چونکە شانۆ ئەو دنیا فراوانەیە کە دەکرێت ببێتە قوتابخانەیەکی بێسنور بۆ مناڵ ، تەنانەت لە ئێستاداو لە نێو فێرگەو قوتابخانەکانیش هونەری شانۆ لەئاساتێکی کاراو کاریگەردا بۆتە میتۆدو  ئامرازێک بۆ فێربون . چونکە  لەناو کلاس و هۆڵەکانی خوێندندا میتۆدە فێرکارییە شانۆییەکان هۆکارێکی یارمەتیدەرو کاران بۆ دروستکردنی پەیوەندیە مرۆی و کۆمەڵایەتیەکان لەناو قوتابیاندا، لەمەش زیاتر وادەکات قوتابی هەرلە تەمەنی منداڵیەوە توانا مێشکی و جەستەییەکانی لە گەشەی بەردەوامدا بن. شانۆ  گیانی کارکردنی بەکۆمەڵ و  هێزی هاوکاری لەناو منداڵاندا گەشە پێدەدات،  ئەمەجگە لەوەی هونەری شانۆ وەکو ئامرازێکیتری یارمەتیدەر بەکاردەهێندرێت بۆ بە زیندو پیشاندان و گیانکردن بە بەر ( پرۆگرامی خوێندن) لەلای منداڵ، بەمەش خواست و مەیلی فێربوون لەلای قوتابی زیاد دەبێت .

ڕاستە خوێندنی وانەی وێنەکێشان مەرج نییە منداڵ بکاتە وێنەکێش یان نیگارکێشێکی بەناوبانگ، یاخود وانەی وەرزش لەوانە نییە وەرزشەوانێکی بەناوبانگ دروست بکات بۆ جیهان بەڵام، خوێندنی وانەی " میوزیک و شانۆ "  ڕاستەوخۆ  ڕەنگدانەوەی لەسەر سروشت و دونیابینی و شێوازی بیرکردنەوەی قوتابی دەبێ و، هانی منداڵ دەدا  مرۆڤێکی بەسود و  شارستانی لێبەرهەم بێت .

کەواتە دەکرێت شانۆی مناڵ ببێتە ئامرازێک بۆفێربوون و چێژ وەرگرتن، دەکرێت ببێتە ئاوێنەیەک بۆ بینین و دۆزینەوەی تواناکانی منداڵ، لەمانەش گرنگتر دەکرێت ببێتە هۆکاری دروستبونی گیانی هاوکاری و سیفاتی باوەڕبەخۆبون لە منداڵدا .

بەکورتی دەکرێت بڵێیین:بەبێ بونی شانۆیەکی تایبەت بە مندڵان،  دروستبونی کۆمەڵگەی ( یۆتۆپی- نمونەیی) و شاری شارستانی پرۆژەیەکی لەبارچووە، چونکە ئومێدێکە ئەگەری ڕوودانی وەک مەحاڵ وایە .