ئەنجومەنی ئاسایش دانپێدانانی دەستگیرکراوانی بادینانی بڵاوکردەوە

04/03/2021
فۆتۆ: 

ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان دانپێدانانی دەستگیرکراوانی بادینانی بڵاوکردەوە کە ئەو بە "تۆڕێکی سیخوڕی" ناوی بردوون.

لە گرتەیەکی ڤیدیۆیی تۆمارکراودا کە لەلایەن ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان بڵاوکرایەوە، گفتوگۆی نێوان شێروان ئەمین ناسراو بە شێروان شێروانی و کەسێکی دیکە بەناوی ئەرداڵ تۆمارکراوە کە ئەنجومەنی ئاسایش بە کادرێکی هەواڵگری پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) ناوی بردووە.

ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێم دەڵێت، "بەپێی ئەو دەستنوسانەی کە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی بەڵگەی تاوان پشتڕاستکراونەتەوە، شێروان ئەمین زانیاری لەسەر ناو و جووڵەی بەرپرسانی ئەمنی و سەربازی و ئیداری هەرێم کۆکردووەتەوە و بۆ پەکەکەی ناردووە".

لە بەشێکی دیکەی گرتەڤیدیۆکەدا دانپیدانانی گۆهدار محەمەد ئەمینی تێدایە کە، باس لەوە دەکات لەگەڵ چەند کەسێکی دیکە گروپێکیان لە تۆڕی کۆمەڵایەتی مەسێنجەر دروستکردووە بۆ ئاڵوگۆڕی زانیاری.

ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێم دەڵێت، "لەو رێگەیەوە گۆهدرا زانیاری داوەتە بەرپرسێکی هەواڵگری پەکەکە بەناوی گوڵبەهار".

لە بەشێکی دیکەدا، گفتوگۆی دەنگی نێوان شێروان شێروانی و گۆهدار بڵاوکراوەتەوە کە ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێم پێیوایە، "چاودێری هێزەکانی پێشمەرگەیان" کردووە.

ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان راشیگەیاندووە، "دوای دەستگیرکردنی شێروان شێروانی، لە پەیوەندییەکی دەنگی نێوان کەسێک بەناوی سەلمان و گۆهدار محەمە ئەمیندا، سەرکۆنەی شێروان ئەمین دەکرێت، بەوەی خەمساردبووە و ترسی ئەوەشیان هەبووە، نهێنی و کارە تێکدەرانەکانیان کەوتبێتە دەست ئاسایشی هەرێمی کوردستان".

لە بەشێکی دیکەی ئەو گرتەڤیدیۆیەدا کە لەلایەن ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمەوە بڵاوکراوەتەوە، دانپێدانانی هاریوان عیسا محەمەد بڵاوکراوەتەوە.

ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێم دەڵێت، "لە ئاڵوگۆڕێکی دەنگیدا لە نێوان هاریوان و کەسێکی نەناسراودا، هاریوان نەناسراوەکە رادەسپێرێت، زانیاری لەسەر کێڵگە نەوتییەکانی سنوری پارێزگای دهۆک کۆبکاتەوە".

ئاماژەی بەوەشکردووە، "لە دانپێدانانەکەیدا هاریوان باسی لەوەکردووە کە پەیوەندی لەگەڵ کادیرێکی پەکەکە بەناوی (هێلان چیا)دا هەبووە.

هاوکات ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان، دانپێدانانی شڤان سەعید عومەر و  ئەیاز کەرەم ڕەشید-ی بڵاوکردووتەوە کە ئاماژە بەوە دەکەن زانیاریان بۆ شێروان شێروانی کۆکردووەتەوە و لە کاتی لێکۆڵینەوەکانیش لەگەڵیاندا، هیچ فشارێکیان لەسەر نەبووە و بێڕێزیان پێ نەکراوە.

رۆژی سێشەممە ١٦ی٢ی٢٠٢١، دادگاییکردنی بەشێك لە گیراوانی بادینان لە دادگای (۲)ی کەتنی هەولێر بەڕێوەچوو و دادوەر هەریەکە لە شێروان شێروانی، شڤان سەعید، گوهدار زێباری، هاریوان عیسا و ئەیاز کەرەمی بە شەش ساڵ زیندانی حکومدا.

چەند رۆژ پێش دادگاییکردنەکە، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەنوسیدا ئەو پێنج کەسەی بە "تۆڕێکی سیخوڕی" لەقەڵەمدا و رایگەیاند، پەیوەندییان بە وڵاتێکی بیانییەوە هەبووە و کاری تێکدەرانەیان ئەنجامداوە، ئەوەش لە کاتێکدایە، بەپێی ئەو گرتەڤیدیۆیەی کە لەلایەن ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستانەوە وەک دانپێدانان بڵاوکراوەتەوە، دەردەکەوێت کە دەستگیرکراوەکان تەنها پەیوەندیان بە چەند کادیرێکی پەکەکەوە بووە و وێنەیان لەگەڵدا گرتوون.