هەلیکۆپتەرێکی تورکیا کەوتەخوارەوە
ئەنکەرە
وه‌زاره‌تی به‌رگریی توركیا رایگەیاند، هەلیكۆپته‌رێكی سه‌ربازیی وڵاتەکەی کەتووەتەخوارەوە و له ئه‌نجامدا نۆ سه‌رباز گیانیان لەدەستداوە و چوار دیكەش برینداربوون .
وه‌زاره‌تی به‌رگریی توركیا لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، "له كاتژمێر 2:25 خولەکی پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە ٤ی٣ی٢٠٢١، په‌یوه‌ندیمان له‌گه‌ڵ هەلیكۆپته‌رێكی جۆری Cougarی سه‌ربه فه‌رمانده‌یی هێزه وشكانییه‌كان پچڕاوە، كه كاتژمێر 1:55 خولەکی پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ له ناوچەی بینگۆله‌وه به‌ره‌و تاتڤان فڕیوه".
ئاماژەی بەوەشکردووە، ده‌ستبه‌جێ له‌ڕێگه‌ی فڕۆكه‌ی بێفڕۆكه‌وان و فڕۆكه‌ی CN-235 و هەلیكۆپتهرێكهوه ده‌ستیان به گه‌ڕان بەدوای ئەو هەلیکۆپتەرەدا کردووە.
ئەوەشی خستووەتەڕوو، دوای چەند کاتژمێرێک لە گەڕان و بەدواداچوون، دەرکەوتووە كه هەلیكۆپته‌ره‌كه تێكشكاوه.
وه‌زاره‌تی به‌رگریی توركیا راشیگەیاندووە، لە ئەنجامی ئەو رووداوە نۆ سەرباز گیانیان لەدەستداوە و چواری دیکەش برینداربوون، بەڵام ئاماژەی بە هۆکاری کەوتنەخوارەوەی هەلیکۆپتەرەکە نەکردووە.
|