کارنامەی سەردانەکەی پاپا بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان

05/03/2021
فۆتۆ: 

بڕیارە ئەمڕۆ پاپای ڤاتیکان لە رۆماوە بەسەردانێکی سێ رۆژە بگاتە عێراق و سەردانی چەند شار و شوێنێک بکات.

بەپێی کارنامەی سەردانەکە، سەرەتا پاپا کە دەگاتە فڕۆکەخانەی بەغدا لەلایەن مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراقەوە پێشوازی لێ دەکرێت و دواتر بەرەوە کۆشکی سەلامی سەرۆکایەتی کۆمار بەڕێدەکەوێت و لەوێ لەگەڵ بەرهەم ساڵح کۆدەبێتەوە.
دواتر بەرەوە کەنیسەی سەیدە نەجات دەڕوات لە بەغدا و لەگەڵ مەسیحیەکان نوێژدەکات و کۆدەبێتەوە.
هەر بەپێی کارنامەکە پاپا رۆژی شەممە سەردانی شاری نەجەف دەکات و لەگەڵ عەلی سیستانی مەرجەعی باڵای شیعەکان کۆدەبێتەوە و دواتر دەچێتە پارێزگای ناسریە و سەردانی شوێنەواری ئوری مێژووی دەکات.
ئێوارەی هەمان رۆژ دەگەڕێتەوە و بەغدا بەشداری ڕێوڕەسمێکی مەسیحیەکان دەکات لە کەنیسەی ماریوسف لە بەغدا.
سەرلەبەیانی رۆژی یەکشەممە حەوتی ئازار سەردانی هەرێمی کوردستان دەکات و دەگاتە فڕۆکەخانەی هەولێر و لەلایەن نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمەوە پێشوازی لێ دەکرێت.
بەپێی بەرنامەی سەردانەکە دواتر بە هەلیکۆپتەر دەچێتە موسڵ و لەوێ نوێژ بۆگیانی قوربانیانی جەنگ دەکات و سەردانی کەنیسەی تاهیرە گەورە دەکات لە قەرەقوش.
دواتر دەگەڕێتەوە بۆ هەولێر و پاشنیوەڕۆی رۆژی یەکشەممە لە یاریگای فرەنسۆ هەریری نێودەوڵەتی، ڕێوڕەسمێکی ئاینی گەورەی بۆ رێکدەخرێت.
رۆژی دووشەممە هەشتی ئازار دەچێتەوە بۆ فڕۆکەخانەی بەغدا و لەوێ رێوڕەسمی ماڵئاوای بۆ رێکدەخرێت و دەگەڕێتەوە بۆ ڤاتیکان.
سەردانی پاپای ڤاتیکان بۆ عێراق بەسەردانێکی مێژووی دادەندرێت،چونکە یەکەمجارە سەردانی عێراق دەکات.