‎ كۆسرەت رەسوڵ: ململانێ شەخسی و حزبییەكان تەشەنەی كردووە

05/03/2021
فۆتۆ: 

‎سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندی یەكێتی رایگەیاند، كوردستان بە دۆخێكی نەخوازراو تێپەڕ دەبێ و ململانێ شەخسی و حزبییەكان تەشەنەی سەندووە و كاریگەری خراپی كردۆتە سەر دۆخی كوردستان، ئەركە لەسەر حكومەتی هەرێم و هێزو لایەنە سیاسییەكان ململانێ شەخسی و حزبییەكانیان وەلا بنێن.

كۆسرەت ڕەسول عەلی، لە ساڵیادی ڕاپەڕینی خەڵكی هەرێمی كوردستان پەیامێكی بڵاوكردەوە و پیرۆزبایی ئاراستەی كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان و پێشمەرگە و كەسوكاری شەهیدانی ڕاپەڕین و سەرجەم شەهیدانی كوردستان دەكات و دەڵێت: ‎ئەمڕۆ كە سی ساڵ تێپەڕ دەبێ بەسەر ڕاپەڕین خاوەنی كۆمەڵێك دەستكەوتین و پاراستنی ئەم دەستكەوتانە ئەركی لەپێشینەی هەموومانە، بەڵام بەداخەوە ئەمڕۆ كوردستان بە دۆخێكی نەخوازراو تێپەڕ دەبێ و ململانێ شەخسی و حزبییەكان تەشەنەی سەندووە و كاریگەری خراپی كردۆتە سەر دۆخی كوردستان. 

سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندی یەكێتی دەشڵێت "خزمەتگوزاریییە سەرەتاییەكانمان وەك پێویست نییەو ئەو دروشمانەی لەپێناویدا خەباتمان كرد لەژێر مەترسیدان، ئەركە لەسەر حكومەتی هەرێمی كوردستان و هێزو لایەنە سیاسییەكان ململانێ شەخسی و حزبییەكانیان وەلا بنێن". 

ناوبراو دەشڵێت "ئەم یادە بە دەرفەت دەزانم داوا لە سەرجەم هێزو لایەنە سیاسییەكان بكەم كێشەكان بەگفتوگۆ چارەسەر بكەن و دەبێ خەمی گەورەمان خەمی خەڵك بێت نەك خەمیتر". 

ئەمڕۆ سەرجەم سەركردە و بەرپرسانی سیاسی هەرێمی كوردستان پەیامی پیرۆزباییان بە بۆنەی یادی 30 ساڵ تێپەڕبوون بەسەر راپەڕینی خەڵكی هەرێمی كوردستان بلاو كردەوە و زۆرینەی پەیامەكانیش تیایدا باسیان لە دۆخی خراپی خەڵكی هەرێمی كوردستان كردووە. 

رۆژی 5ئازاری ساڵی 1991 خەڵكی هەرێمی كوردستان لە رانیەوە دەستیان بە راپەڕینی جەماوەری كرد و بە پشتیوانی هێزی پێشمەرگە هێزەكنای حكومەتی بەعس لە شارەكان وەدەرنران.