پاپا: پێویستە گوێ بۆ هەژاران بگیرێت

05/03/2021
فۆتۆ: فۆتۆ: سکای نیوز

پاپا فرانسیس رایگەیاند، ئەم گەشتە سومبولییە ئەركێكە بۆسەر خاكێك كە چەندین ساڵە شەهیدە، داواشی لە بەرپرسان كرد رووبەڕووی گەندەڵی و دەسەڵاتی ناشەرعی ببنەوە.

پاش ئەوەی ئەمڕۆ پاپای ڤاتیكان بۆ یەكەمجار گەیشتە عێراق و لە بەغدای پایتەخت بەشێوەیەكی فەرمی لەلایەن سەرۆك وەزیرانی عێراقەوە پێشوازی لێكرا، بە میدیاكانی رایگەیاند، پێوستە بەرپرسان رووبەڕووی گەندەڵی و دەسەڵاتی ناشەرعی ببنەوە. 

پاپا لەگەڵ دەستپێكردنی ئەو گەشتەیدا ئەوەشی وت "دڵخۆشم بە دەستپێكردنەوەی گەشت، ئەم گەشتە سومبولییەش ئەركێكە بۆسەر خاكێك كە چەندین ساڵە شەهیدە".

هێزێكی ئەمنیی زۆر بۆ پاراستنی پاپای ڤاتیكان لە بەغدا بڵاوەیپێكراوە، جگە لەوەی كە ئەمڕۆ هەینی قەدەغەی هاتووچۆیە لە سەرجەم شارەكانی عێراقدا. 

پاپا فراسیس باسی لەوەشكرد، گەنجان لەم وڵاتە كەموكوڕی زۆر لە ژیانیاندا هەیە و پێویستە گوێ بۆ هەژاران بگیرێت و مافە سەرەتاییەكان بۆ هاوڵاتیان دابینبكرێت و هیچ كەسێك هەست نەكات كە هاوڵاتی پلە دووە.

بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا پێشتر گومان لەوە هەبوو كە گەشتەكەی پاپا بۆ عێراق دوادەخرێت، بەڵام پاپا دوێنێ بە تویتێك رایگەیاند كە گەشتە سێ رۆژیەكەی ئەنجام دەدات، بەهۆی مەترسی كۆرۆناشەوە پاپا بڕیاریداوە بەركەوتنی راستەوخۆی لەگەڵ خەڵكی زۆر نەبێت. 

لەو بارەیەوە پاپا لەكاتی گەیشتنی وتیشی، نایەوێت زۆر لە دووری خەڵكەوە بێت، بەڵام تەوقە لەگەڵ هەموو كەسێك ناكات. ئەوەش وەك خۆپاراستنێك لە ڤایرۆسی كۆرۆنا. 

بەپێی كارنامەی گەشتەكەی پاپا رۆژی شەممە سەردانی شاری نەجەف دەكات و لەگەڵ عەلی سیستانی، مەرجەعی باڵای شیعەكان كۆدەبێتەوە و دواتر دەچێتە پارێزگای ناسریە و سەردانی شوێنەواری مێژوویی ئور دەكات.

ئێوارەی هەمان رۆژ دەگەڕێتەوە و بەغدا بەشداری ڕێوڕەسمێكی مەسیحیەكان دەكات لە كەنیسەی ماریوسف لە شارەكە و رۆژی یەكشەممە حەوتی ئازار سەردانی هەرێمی كوردستان دەكات و لە فڕۆكەخانەی هەولێر لەلایەن نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمەوە پێشوازی لێ دەكرێت.

بەپێی بەرنامەی سەردانەكە دواتر بە هەلیكۆپتەر دەچێتە موسڵ و لەوێ نوێژ بۆگیانی قوربانیانی جەنگ دەكات و سەردانی كەنیسەی تاهیرە گەورە دەكات لە قەرەقوش.