لاهور شێخ جەنگی: سەردانەكەی پاپا بۆ پاڵپشتی هەرێم و عێراق گرنگە

05/03/2021
فۆتۆ: 

دوای بەشداریكردنی لە مەراسیمی پێشوازی لە پاپا فرەنسیس هاوسەرۆكی یەكێتی رایگەیاند ئەو سەردانە گرنگە بۆ پاڵپشتیكردنی عێراق و هەرێمی كوردستان لە ئاستی نێودەوڵەتیدا.

نیوەڕۆی ئەمڕۆ لاهور شێخ جەنگی، بەشداری مەراسیمی پێشوازی لە پاپا فرەنسیس كرد و لە تویتێكدا لەوبارەیەوە رایگەیاند: ئەو پێشوازیە گەرمەی لە كەسایەتی پیرۆزی پاپا كرا راسپاردەیە بۆ مانای گرنگی مێژوویی سەردانەكەی. 

هاوسەرۆكی یەكێتی وتیشی: سەردانەكە گرنگە لە پاڵپشتیكردنی عێراق و هەرێمی كوردستان لەسەرئاستی نێودەوڵەتی و بەشێكی سەرەكیە لە گەیاندنی پەیامی ئاشتی و نزیكبوونەوە لە نێوان هەموو ئاینەكاندا. 

دوای ئەوەی نیوەڕۆی ئەمڕۆ پاپا فرەنسیس بە سەردانێكی سێ رۆژە رووی لە عێراق كرد، بڕیارە سەردانی هەرێمی كوردستانیش بكات و مەراسیمێك بۆ مەسیحیەكان ئەنجام بدات. 

بە گوێرەی بەرنامەی سەردانەکەی پاپا سەرلەبەیانی رۆژی یەکشەممە حەوتی ئازار سەردانی هەرێمی کوردستان دەکات و دەگاتە فڕۆکەخانەی هەولێر و لەلایەن نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمەوە پێشوازی لێ دەکرێت،  دواتر بە هەلیکۆپتەر دەچێتە موسڵ و لەوێ نوێژ بۆگیانی قوربانیانی جەنگ دەکات و سەردانی کەنیسەی تاهیرە گەورە دەکات لە قەرەقوش.

 پاشنیوەڕۆی رۆژی یەکشەممە لە یاریگای فرەنسۆ هەریری نێودەوڵەتی، ڕێوڕەسمێکی ئاینی گەورەی بۆ رێکدەخرێت، رۆژی دووشەممە هەشتی ئازار دەچێتەوە بۆ فڕۆکەخانەی بەغدا و لەوێ رێوڕەسمی ماڵئاوای بۆ رێکدەخرێت و دەگەڕێتەوە بۆ ڤاتیکان.