بایدن پەیوەندی بە ئەردۆغانەوە دەكات

06/03/2021
فۆتۆ: 

وتەبێژی كۆشكی سپی رایگەیاند، سەرۆكی ئەمریكا دەیەوێت لە هەفتە و مانگەكانی داهاتوو ژمارەیەك دیدار و پەیوەندی تەلەفۆنی ئەنجامبدات كە ئەردۆغان لە نێویاندایە.

لە وەڵامی پرسیاری رۆژنامەواناندا كە هۆكاری كۆنەبوونەوە و پەیوەندی ئەنجامدانی جۆ بایدن سەرۆكی ئەمریكا لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان چیە؟ جین ساكی وتی: سەرۆك چەندین سەركردەی جیهانی هەیە كە دەیانەوێت پەیوەندی لەگەڵ ئەنجامبدەن، دڵنیام لە هەفتە و مانگەكانی داهاتوودا لە هەندێك خاڵدا لەگەڵ ئەردۆغانیش كۆدەبێتەوە.

ئەردۆغان پەیامێكی پیرۆزبایی ئاراستەی بایدن كرد كە لەهەڵبژاردنە سەرۆكایەتییەكەی ئەمریكادا سەركەوتنی بەدەست هێناو وتی : لەو باوەڕەدام كە هاوكاری و هاوپەیمانێتی بەهێزی نێوان وڵاتەكانمان بەردەوام دەبێت لەبەخشینی بەشداریی زیندوو بۆ ئاشتیی جیهان لەئایندەدا وەك ئەوەی تائێستا ئەنجاممانداوە. 

لەگەڵ شكستی دۆناڵد ترەمپ لە هەڵبژاردنی مانگی تشرینی دووەمی 2020 شارەزایانی سیاسەتی نێودەوڵەتی ئاماژەیان كرد بە دەستپێكردنی گەڕێكی دیكەی خراپی پەیوەندیەكانی نێوان توركیا و ئەمریكا، بەهۆی سیاسەتی جیاوازی دیموكراتەكانی ئەمریكا  لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا كە توانیان لەو هەڵبژاردنەدا سەركەوتن بەدەست بهێنن.