پشتیوان سادق: لێپرسینەوە لەو مامۆستا ئاینییە دەکەین کە قسەی بە پاپا وتووە

06/03/2021
فۆتۆ: 

وەزیری ئەوقافی حکومەتی هەرێم ڕایگەیاند لێپرسینەوە و ڕێکاری یاسای لە دژی ئەو مامۆستا ئاینییە دەگرنەبەر کە رەخنەی بە پاپای ڤاتیکان وتووە و مەسیحیەکانی نیگەران کردوە.

زیا پترس سڵیوە سەرۆکی دەستەی مافی مرۆڤی هەرێم کە لەپشکی مەسیحیەکانە ڕایگەیاند ئەوان وەک مەسیحیەکان نیگەرانن لە قسەکانی ئەو مامۆستایە بۆیە داوایان لەلایەنە بەرپرسەکان کردوە ڕێکاری یاسایی بگرنەبەر.

زیا پترس لە بەیانامەیەکدا ڕاشیگەیاندوە پشتیوان سادق وەزیری ئەوقاف پەیوەندی پێوەکردوە و ڕایگەیاندوە لێپرسینەوە لەو مامۆستایە دەکەن و ئەو ڕای تایبەتی ئەوە نەک وەزارەتی ئەوقاف و موسڵمانان.

پشتیوان سادق وتوشیەتی هەموو مامۆستایانی ئاینی کوردستان کە ژمارەیان 6 هەزار مامۆستایە پێشوازی لە پاپا دەکەن بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان و بەردەوام لە وتارەکانیاندا جەخت لە پێکەوە ژیان دەکەنەوە.

ئەوە لەکاتێکدایە لە تۆڕە کۆمەڵایتیەکان ڤیدیۆی مامۆستایەکی ئاینی بڵاوبوەتەوە کە رەخنە لە سەردانەکەی پاپای ڤاتیکان دەگرێت بۆ عێراق و هەرێم.

پاپا فرەنسیس پاپای ڤاتیکان لە پاشنیوەڕۆی دوێنێ هەینیەوە بە سەردانێکی سێ رۆژە هاتوەتە عێراق و دوێنی دوای بینینی سەرکردەکان سەردانی کەنیسەی سەیدە نەجاتی کرد و ئەمڕۆ شەممەش چووە نەجەف چاوی بە عەلی سیستانی مەرجەعی باڵای شیعەکان کەوت و دواتر سەردانی شاری ئوری مێژووی کرد.

بڕیارە سبەینێ یەکشەممە حەوتی ئازار بۆیەکەمجار پاپا سەردانی هەرێمی کوردستان دەکات و دواتر دەچێتە موسڵ و قەرەقوش،بۆ ئێوارەش دەگەڕێتەوە بۆ هەولێر و لە یاریگای فرەنسو هەریری ڕێوڕەسمێکی گەورەی بۆ رێکدەخرێت.