کازمی 6ی ئازاری کرد بە رۆژی نیشتیمانی لێبوردەیی و پێکەوەژیان
سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕایگەیاند بەهۆی کۆبونەوەی پاپا فرەنسیس و عەلی سیستانی ئەمڕۆ شەشی ئازار دەکەن بە رۆژی ئاشتی و لێبوردەیی.
سەرۆک وەزیرانی عێراق لە تویتێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر بە بایەخەوە باسی لە دیدارەکەی نێوان عەلی سیستانی مەرجەعی باڵای شیعەکانی عێراق و پاپا فرانیسیس کردووە و لەو بارەیەوە وتوویەتی " بە بۆنەی ئەو دیدارە مێژوویەی نێوان هەردوو جەمسەری ئاشتی و لێبوردەیی، سەیدعەلی سیستانی مەرجەعی باڵا و پاپا فڕانسیس، هەروەها دیداری شاری ئوری مێژوویی ڕایدەگەیەنین، کە ڕۆژی ٦ ئازاری هەموو ساڵێک دەکەینە ڕۆژێکی نیشتمانی بۆ لێبوردەیی و پێکەوەژیان لە عێراقدا".
ئەوەش لە کاتێکدایە ئەمڕۆ پاپا فرانسیش پاپای ڤاتیکان لە میانی سەردانەکەی بۆ عێراق، لە شاری نەجەف سەردانی عەلی سیستانی مەرجەعی باڵای شیعەکان و شاری ئوری مێژووی کرد لە شاری ناسرییەی ناوەندی پارێزگای زیقار لە باشوری عێراق.
بەپێی بەرنامەی سەردانەکەی پاپا بڕیارە سبەینێ لە بەغداوە بگاتە فڕۆکەخانەی هەولێر و لەلایەن نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و بەرپرسانی دیکەوە پێشوازی لێ بکرێت.
هەروەها دواتر دەچێتە موسڵ و نوێژ بۆ گیانی قوربانیانی جەنگ دەکات و دواتر لە قەرەقوش سەردانی کەنیسەی تاهیرە گەورە دەکات و نوێژ لەگەڵ مەسیحیەکان دەکات.
هەروەها دوا نیوەڕۆ دەگەڕێتەوە بۆ هەولێر و لە یاریگای فرەنسو هەریری ڕێوڕسمێکی گەورەی قوداس بۆ رێکدەخرێت و بڕیارە 15 هەزار هاوڵاتی ئامادەی ڕێوڕەسمەکە ببن.
سەردانی پاپا بۆ عێراق و کۆبونەوەی لەگەڵ عەلی سیستانی مەرجەعی باڵای شیعەکان و سەردانیکردنی هەرێمی کوردستان بە ڕوداوێکی گرنگی مێژووی دادەندرێت، بەو پێیەی یەکەمجارە پاپای ڤاتیکان سەردانی عێراق بکات.
|