ڕۆحانی هەڵوێستی وڵاتەکەی لەسەر سەردانی پاپا بۆ عێراق دەربڕی

06/03/2021
فۆتۆ: 

حەسەن ڕۆحانی سەرۆک کۆماری ئێران هەڵوێستی خۆی لەسەر سەردانەکەی پاپا بۆ عێراق دەربڕی و ستایشی هەوڵ و کارەکانی حکومەتی عێراقی کردووە، لە سەرکەوتنی ئەو سەردانە مێژوویە.

لە ڕاگەیەندراوێکدا نوسینگەی مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق بڵاویکردەوە، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لە نێوان کازمی و حەسەن ڕۆحانی سەرۆک کۆماری ئێراندا تاوتوێی چەند دۆسیەیەکی جێی بایەخی هەردوو وڵات کراوە.

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە ڕۆحانی پیرۆزبایی کردووە لە سەردانەکەی پاپا فڕانسیس پاپای ڤاتیکان بۆ عێراق و ستایشی هەوڵ و ماندووبوونەکانی حکومەتی عێراقیشیکردووە، لە سەرکەوتنی ئەو سەردانە مێژووییە.

نوسینگەی ڕاگەیاندنی مستەفا کازمی بڵاویکردەوە، سەرۆک وەزیرانی عێراق بە تەلەفۆن لەگەڵ حەسەن ڕۆحانی سەرۆک کۆماری ئێراندا قسەی کردووە، سەبارەت بە چەند تەوەرەیەک و ئاراستەی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات.

ئاماژەی بەوەشکردووە، لەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا هەردوولا جەختیان کردووەتەوە لە گەشەپێدانی پەیوەندییە هاوبەشەکان بەشێوەیەک کە لە بەرژەوەندیی هەردوو گەلی عێراقو ئێران بێت، هەروەها ئاسایشی دۆخی ناوچەکەش یەکێک بووە لەو تەوەرانەی کە هەردوولا گفتوگۆیان لەسەر کردووە.

هەر لە بەیاننامەکەدا هاتووە "هەردوولا ڕێککەوتوون لەسەر بانگهێشتکردنی سەرجەم لایەنە کاریگەرییەکانی ناوچەکە بۆ بەهێزکردنی ئارامی و ئاسایش و گرتنەبەری ڕێچکەیەک بە حیکمەت و عەقڵانی لە چۆنێتی مامەڵەکردن لەگەڵ قەیران و ڕێگرییەکان".

بەیاننامەکەی نوسینگەی کازمی جەختیشیکردووەتەوە لەوەی، بۆچوونەکانی هەردوولا هاوتەبا بوون و پێیان وابووە کە گفتوگۆ تاکە ڕێگەیە بۆ چارەسەرکردنی کێشە و قەیرانەکانی ناوچەکە.

وەک لە بەیاننامەکەدا ئاماژەی پێکراوە، ڕۆحانی ئیدانەی هەموو ئەو چالاکییانەی کردووە کە دەبنە زیان گەیاندن بە ئاسایشی عێراق، کە لەلایەن هەندێک لە گروپەکانەوە ئەنجام دەدرێت.

لەوڕوەوە ئێران ئیدانەی ئەو چالاکییانە دەکات کە خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی هەردوو وڵات و ئارامی و گەشەسەندنی ناوچەکە ناکەن.