تورکیا: 59 ئەندامی پەکەکەمان دەستگیر کردووە

06/03/2021
فۆتۆ: 

وەزارەتی ناوخۆیی تورکیا ئاشکرایکرد، لە چەند ئۆپراسیۆنێکی جیاجیادا، ٥٩ کەسیان بە تۆمەتی ئەندامبوون لە پەکەکەدا لە ناوخۆی ئەو وڵاتەدا دەستگیر کردووە.

 ئیسماعیل تشاتاکلی وتەبێژی وەزارەتی ناوخۆیی تورکیا، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا ڕایگەیاند، هێزە ئەمنییەکانی وڵاتەکەی لە ماوەی مانگی شوباتی ڕابردوودا، ٧ هەزار و ٣٢ ئۆپراسیۆنیان لە ناوچە گوندنشینەکان و ١٥٨٣ ئۆپراسیۆنی دیکەشیان لە شارەکان، لە دژی ئەو ڕێکخراوانە ئەنجامداوە کە ئەو بە تیرۆریست ناویبردوون.

ڕوونیشیکردووەتەوە، لەو ئۆپراسیۆنانەدا ٧٨ کەسیان دەستگیر کردووە، ٥٩ کەسیان ئەندامی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) بوون و ١٨ کەسیشیان ڕێکخراوی داعش و کەسێکش سەر بە گروپە چەپەکان بووە.

وتەبێژی وەزارەتی ناوخۆیی تورکیا ئاماژەی بەوەشکرد، لە کۆی ٣ هەزار و ١٤٩ کەسی دەستبەسەرکراو، سزای زیندانیکردن بۆ ٤٩٠ کەس دەرچووە بە تۆمەتی ئەنامبوون لە ڕێکخراوە "تیرۆریستیەکان" یان هاوکاریکردنیان، هەروەها ١٨٠ حەشارگە خاپور کراون و دەستیش بەسەر ٨٨ پارچە چەک و کۆمەڵێک جبەخانەدا گیراوە.