لەڕێگەی ئینتەرنێتەوە دزە کراوەتە ناو 60 هەزار دامەزراوەی جیهانییەوە

07/03/2021
فۆتۆ: 

ئاژانسی هەواڵی بلومبێرگ لە زاری چەند سەرچاوەیەکی حکومەتی ئەمریکاوە بڵاویکردەوە نزیکەی ٦٠ هەزار دامەزراوە لەسەر ئاستی جیهان، بەهۆی کەلێنیکەوە لە پرۆگرامی Microsoft Exchange Server "، دزە کراوەتە ناویانەوە.

بەگوێرەی لێدوانی لێپرسراوێکی باڵای حکومەتی ئەمریکا، چەتەکانی ئینتەرنێت، هەوڵیان داوە زیان بگەیەنن بە گەورەترین ژمارە لە ئامێرەکانی کۆمپیوتەر ، بەر لەوەی کۆمپانیای مایکرۆسۆفت توانی دڵنیایی بدات بە هەموو بریکارەکانی بەشێوەیەکی تەواو.

سەرچاوەکەی حکومەتی ئەمریکا جەختیکردەوە، زیاتر لە ٦٠ هەزار دامەزراوە لە سەرانسەری جیهاندا بەرهەمەکانی مایکرۆسۆفت بەکار دەهێنن و بەهۆی ئەو هەوڵی دزەکردنەوە زیانیان پێگەیشتووە.

ئاژانسی بلومبێرگ ئاماژەی بەوەشکرد، ئەگەر ژمارەی زیانلێکەوتووەکان بەرەو زیاتر بڕوات، ئەوە ڕوداوەکە وەک قەیرانێکی ئەمنی جیهانی لە قەڵەم دەدرێت.

ئاژانسەکە روونیشیکردەوە، ئیدارەی ئەمریکا هەنگاوی پێویستی ناوە لەسەر ئاستی هەموو حکومەتی ئەمریکا، بۆ هەڵسەنگاندن و چارەسەری هەڵسوکەوتی ئەو چەتانەی ئینتەرنێت.

لە لایەکی ترەوە وتەبێژێکی کۆشکی سپی کە ناوی خۆی ئاشکرا نەکردووە ڕایگەیاندووە، هەرەشەکە بەردەوامە و لە پەرەسەندندایە، بۆیە داوای لە تۆڕەکانی ئینتەرنێت کرد بابەتەکە بە بایەخەوە وەربگرن.