حەسەن کەعبی: نابێت داهاتوو شنگال ببەسترێتەوە بە ململانێی سیاسییەوە

07/03/2021
فۆتۆ: 

حەسەن کەعبی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، هۆشداریدا لە مەترسی بەستنەوەی داهاتووی قەزای شنگال بەئیرادە و ململانێی سیاسییەوە.

نوسینگەی کەعبی لە بەیاننامەیەکدا بڵاویکردەوە، لە میانی پێشوازیکردن لە شاندێکی ئێزدییەکانی قەزای شنگال، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، حکومەت ئاسایش و ئارامی لە قەزای شنگال دەسەپێنێت، ئەویش لە ڕێگای ڕادەستکردنی دۆسیەی ئەمنی قەزاکە بە حکومەتی فیدراڵی، بەشێوەیەک فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ سەرپەرشتی دۆسیەکە بکات.

کەعبی ئاماژەی بەوەشکردووە، شنگال بەشێکە لە جەستەی دەوڵەتی عێراقی و بە هیچ شێوەیەک بە چارەسەری ڕوکەشانەی کێشەکان ڕازی نابێت، کە لە ئێستادا لە قەزاکە بوونی هەیە.

بە پێویستیشی زانی دەست بە هەڵمەتێکی گەورەی ئاوەدانکردنەوەی قەزاکە بکرێت لە نزیکترین دەرفەتدا.