پاپا فرانسیس چۆن لەگەڵ مەسعود بارزانی کۆبووەوە؟
دیداری و کۆبوونەوەی نێوان مەسعود بارزانی و پاپا فرانسیس لە فڕۆکەخانەی هەولێر لەدەرەوەی بەرنامەی کاری سەردانی پاپا بووە بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان.
بە گوێرەی بەرنامەی کاری سەردانی پاپا فرانسیس بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان کە پێگەی فەرمیی ڤاتیکان بە زمانی ئینگلیزی بڵاویکردووەتەوە، پاپا فرانسیس لە رۆژی یەکشەممە 7/3/2021 کاتژمێر 8:20 خولەک دەگاتە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر، لەلایەن سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستانەوە پێشوازی لێدەکرێت.
هەربەپێی کارنامەی سەردانەکە بڕیاربوو لە هۆڵی ڤی ئای پی لەگەڵ هەریەک لە نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و مەسرور بارزانی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە، ئاماژە بە کۆبوونەوەی نێوان مەسعود بارزانی و پاپا نەکرابوو، واتا کۆبوونەوەکە کە لە هۆڵێکی فڕۆکەخانە بۆ بارزانی رێکخرا لەدەرەوەی کارنامەی سەردانەکە بوو.
هاوکات لە راگەیەندراوی کۆتایی سەردانەکەشیدا بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان، پاپا فرانسیس باسی کۆبوونەوەی نێوان خۆی و مەسعود بارزانی نەکردووە، تەنیا ئاماژەی بە کۆبوونەوەی نێوان خۆی و سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆکوەزیران کردووە.
دانەنانی کۆبونەوەی بارزانی لەگەڵ پاپا فرەنسیس و دواتریش ئاماژەپێنەکردنی لە ڕاگەیەندراوی فەرمی ڤاتیکاندا رەنگە پەیوەندی بەوەوە هەبێت بارزانی لە ئێستا تەنها سەرۆکی پارتییە، پاپاش هیچ بەرپرسی حزبێک نابینێت جگە لە بەرپرسانی حکومی و کەسانی ئاینی.
پاپا فرانسیس، پاپای ڤاتیکان رۆژی هەینی رابردوو بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە عێراق، لە سەردانە سێ رۆژییەکەیدا پاپا جگە لە کۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسانی حکومیی عێراق و هەرێمی کوردستان سەردانی نەجەفیشی کرد و لەگەڵ عەلی سیستانی کۆبووەوە، هاوکات سەردانی شاری ئووری مێژوویی کرد، چەند کەنیسەیەکیشی لە شارەکانی بەغدا، موسڵ، قەرەقووش و هەولێر بەسەر کردەوە.
وێنەی کارنامەی سەردانەکەی پاپا بۆ هەولێر
ڕاگەیەندراوی فەرمی لەسەر سەردانەکەی پاپا بۆ هەولێر
|