ئەمریکا: پابەندی بەرگریکردن لە سعودیە دەبین

08/03/2021
فۆتۆ: 

باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە سعودیە ئیدانەی هێرشەکانی چەند ڕۆژی ڕابردووی حوسییەکانی یەمەنی کرد، کە بە فرۆکەی بێفڕۆکەوان و موشەکی بالیستی کردیانە دامەزراوەکانی سعودیە و پابەندبوونی واشنتۆنیشی دووپاتکردەوە بۆ بەرگریکردن لە ئاسایشی سعودیە.

لە بەیاننامەیەکدا باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە سعودی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر ڕایگەیاند، دەستدرێژییەکانی سعودیە بۆسەر هاوڵاتیانی مەدەنی و ژێرخانی ئابوری، بە واتای ڕێزنەگرتنی  ژیانی مرۆڤایەتی و بایەخ پێنەدانیانە بە ئاشتی.

هاوکات باڵیۆزخانەی ئەمریکا دووپاتیکردووەتەوە، واشنتۆن لە پاڵ سعودیە و گەلەکەیدا دەوەستێتەوە و پابەندبوونی خۆشی نیشاندا بە بەرگریکردن لە ئاسایشی ئەو وڵاتە.

لە لایەکی ترەوە وەزارەتی بەرگری سعودیە، ئێرانی تۆمەتبار کرد بە دابینکردنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و موشەکی بالیستی بۆ حوسییەکان بۆ ئەوەی هێرشی پێ بکەنە سەر وڵاتەکەی.

تورکی مالکی وتەبێژی وەزارەتی بەرگری سعودیە لە لێدوانێکی ڕۆژنامەنووسیدا ڕایگەیاند، بە بەڵگەوە بۆ ڕای گشتی و کۆمەڵی نێودەوڵەتیان ساغکردووەتەوە، ئەو موشەکە بالیستی و فڕۆکە بێفڕۆکەوانانە لە سیستمی جەنگی سوپای یەمەندا بوونی نییە، ئەو چەکانە لە لایەن ئێرانەوە بە دزییەوە رەوانە دەکرێت بۆ حوسییەکانی یەمەن.

وتەبێژی وەزارەتی بەرگری سعودیە جەختیکردەوە، بەهۆی ئەو توانا سەربازییانەو کە سوپای پاسداران بۆیان دابین دەکات، ئاسایشی هەموو دەوڵەتانی هاوسێ کەوتووەتە مەترسییەوە.

ڕۆژی یەکشەممەی ڕابردوو حوسییەکانی یەمەن بە ١٤ فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و ٨ موشەکی بالیستی هێرشیان کردە سەر دامەزراوە جیاجیاکانی سعودیە.

لە مانگی ئازاری ساڵی ٢٠١٥وە هاوپەیمانی عەرەبی بە سەرۆکایەتی سعودیە هێرشی سەربازیی فراوانی بۆ سەر حوسییەکانی یەمەن دەستپێکرد، کە تا ئێستاش درێژەی هەیە.