وتەبێژی بارەگای بارزانی : پاپا وەک مەرجەعی گەورەی هەموو کورد لەگەڵ جه‌نابی سه‌رۆك بارزانی کۆبووەوە

09/03/2021
فۆتۆ: 
هەولێر

وتەبێژی بارەگای بارزانی رایگەیاند، سەردانەکەی پاپا بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان لەسەر داوای مەسعود بارزانی بووە، دەشڵێت، پاپا وەک مەرجەعی گەورەی هەموو کورد لە هەر چوار پارچەی کوردستان، لەگەڵ مەسعود بارزانی کۆبووەتەوە.

لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ دەنگی ئەمریکا، ڤیان دەخیل وتەبێژی بارەگای بارزانی رایگەیاندووە، "له‌ڕاستیدا هاتنی پاپا بۆ عێراق شتێكی زۆر گرنگه،‌ به‌شێوه‌یه‌كی مه‌عنه‌وی بۆ ئێزدی زۆر زۆر گرنگ بوو، به‌ڵام ئه‌و شتانه‌ی كه ‌باسی ده‌كه‌ین ئه‌وه‌ تایبه‌ته‌ به ‌حكومه‌تی به‌غدا، ئه‌و شتانه‌ ده‌بێت حكومه‌تی به‌غدا پێی هه‌ڵبستێت و ده‌بێت حكومه‌تی به‌غداد شنگال ئاوه‌دان بكاته‌وه‌".

ئاماژەی بەوەشکرد، "پێشوازی كردنه‌كه‌ی پاپا له‌ هه‌ولێر جیاوازی زۆری هه‌بوو له‌ شوێنەکانی دیكه‌ كه هه‌موومان ده‌زانیین به‌ چ ڕه‌نگێك پێشوازی لێده‌كرا، به‌دڵنیاییه‌وه‌ ئه‌وه‌ كاریگه‌ریه‌كی زۆری هه‌بوو له‌لای پاپا".

سەبارەت بە چۆنیەتی کۆبونەوەکەی نێوان پاپا و مەسعود بارزانی، وتەبێژی بارەگای بارزانی رایگەیاند، "جه‌نابی سه‌رۆك مه‌سعود بارزانی نه‌ك سه‌رۆكی حیزبێكه‌ له‌عێراق به‌ڵكو سه‌رۆكێكی گه‌وره‌ی ئه‌م ناوچه‌یه‌ و عێراق و كوردستانه و‌ قورسایی خۆی هه‌یه‌ له‌هه‌موو دنیا، جه‌نابی سه‌رۆك بارزانی پێویستی به‌ پله ‌و پایه‌ نیە و هه‌ر بۆ خۆی سیمبولێكی گه‌وره‌ی كورد و كوردستانه‌."

وتیشی، "پاپا نەک وەک مەرجەعی هەرێمی کوردستان بەڵکو وەک مەرجەعی گەورەی هەموو کورد لە هەر چوار پارچەی کوردستان، لەگەڵ جه‌نابی سه‌رۆك بارزانی کۆبووەوە".

ڤیان دەخیل راشیگەیاندووە، "هه‌موومان ده‌زانیین ئه‌وه‌ی چاودێری سیاسه‌ت ده‌كات چاودێری ئه‌وه‌ ده‌كات كه‌ جه‌نابی سه‌رۆك بارزانی و جه‌نابی كاك نێچیر‌ڤان و جه‌نابی مه‌سرور بارزانی سه‌ردانی پاپایان كردبوو، به‌دڵنیاییه‌وه‌ جه‌نابی سه‌رۆكیش پێی وتووه‌ كه‌ حه‌زیان لێیه‌ جارێك سه‌ردانی عێراق بكات و سه‌ردانی كوردستان بكات، ئه‌وه‌ بووه‌ كه‌ بانگهێشته‌كه‌ی قبوڵكرد و هاته‌ عێراق".

ئەوەش لەکاتێکدایە، دیداری و کۆبوونەوەی نێوان مەسعود بارزانی و پاپا فرانسیس لە فڕۆکەخانەی هەولێر لەدەرەوەی بەرنامەی کاری سەردانی پاپا بووە بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان .

بە گوێرەی بەرنامەی کاری سەردانی پاپا فرانسیس بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان کە پێشتر پێگەی فەرمیی ڤاتیکان بە زمانی ئینگلیزی بڵاویکردووەتەوە، پاپا فرانسیس لە رۆژی یەکشەممە 7/3/2021 کاتژمێر 8:20 خولەک دەگاتە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر، لەلایەن سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستانەوە پێشوازی لێدەکرێت .

هەربەپێی کارنامەی سەردانەکە بڕیاربوو لە هۆڵی ڤی ئای پی لەگەڵ هەریەک لە نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و مەسرور بارزانی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە، ئاماژە بە کۆبوونەوەی نێوان مەسعود بارزانی و پاپا نەکرابوو، واتا کۆبوونەوەکە کە لە هۆڵێکی فڕۆکەخانە بۆ بارزانی رێکخرا لەدەرەوەی کارنامەی سەردانەکە بوو .

هاوکات لە راگەیەندراوی کۆتایی سەردانەکەشیدا بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان، پاپا فرانسیس باسی کۆبوونەوەی نێوان خۆی و مەسعود بارزانی نەکردووە، تەنیا ئاماژەی بە کۆبوونەوەی نێوان خۆی و سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆکوەزیران کردووە.