دوای سەردانەکەی پاپا چەند وڵاتێک ئامادەییان دەربڕیوە بۆ ئاوەدانکردنی موسڵ

09/03/2021
فۆتۆ: 

نەجم جبوری پارێزگاری نەینەوا ئائکرایکرد، دوای سەردانەی پاپا فرانسیش، ژمارەیەک وڵاتانی جیهان ئامادەیی خۆیان دەربڕیوە بۆ هاوکارکردن لە پرۆسەی بنیتنانەوەی شار موسڵ.

ئاژانسی هەواڵی نیشتمانی عێراق لە زاری جبورییەوە بڵاویکردەوە، سەردانەکەی پاپا بۆ شاری موسڵ هەلێکی مێژووی بوو، بە تایبەت ژمارەیەکی زۆر لە میدیای جیهانی لەگەڵدا بووە و تیشکیان خستووەتە سەر ئەو وێرانکارییەی کە بەهۆی شەڕی داعشەوە بەسەر شارەکەدا هاتووە.

ئاماژەی بەوەشکرد، لە ئێستادا ژمارەیەک لە باڵیۆزی وڵاتانی بیانی ئامادەیی خۆیان دەربڕیوە بۆ ئەوەی سەردانی شاری موسڵ بکەن.

لە بەشێکی تری وتەکانیدا پارێزگاری نەینەوا ئاشکرایکرد، پاپا بەڵێنی داوە بە هاوکاریکردنی پرۆسەی ئاوەدانکردنی بەشی کۆنی شارەکە (ئەلمەدینە القدیمە) کە بەهۆی شەڕی داعشەوە زیانێکی ئێجگار گەورەی پێگەیشتووە.

جەختیشیکردەوە سەردانەکەی پاپا هەست و سۆزی زۆری ناوخۆیی و دەرەکی بۆ شاری موسڵ ڕاکێشاوە، بەشێوەیەک وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاو بەڵێنی داوە بە ناردنی ئامێرەکانی خۆی بۆ پاککردنەوەی خۆڵ و خاشاکی شاری کۆنی موسڵ، هەروەها ژمارەیەک لە وڵاتانی عەرەبی و بیانیش دەستپێشخەرییان کردووە بۆ پێشکەشکردنی هاوکاری و کۆمەک، لە پێناو دووبارە ئاوەدانکردنەوەی شاری موسڵ.

لە میانی سەردانەکەی بۆ عێراق، پاپا فرانسیس پاپای ڤاتیکان، بەشێک لە سەردانەکەی خۆی بۆ شاری موسڵ تەرخانکرد و بە چاوی خۆی ئەو کاولکارییەی بینی کە بەسەر شارەکەدا هاتووە.