لەسەر گەندەڵی ژمارەیەک لێپرسراوی باڵای سوریا دران بە دادگا

11/03/2021
فۆتۆ: 

دادگایەکی سوریا تایبەت بەدۆسیەی دارایی و ئابوری ئاشکرایکرد، ژمارەیەک لێپرسراوی دەوڵەت بە تۆمەتی گەندەڵی دادگایی دەکرێن و بڕێکی زۆریش پارە گەڕێنراوەتەوە بۆ خەزینەی دەوڵەت.

(نیزام دەحدەل) سەرۆکای دادگای تاوانەکانی سێی تایبەت بە کێشە دارایی و ئابورییەکان لە دیمەشق ڕایگەیاند، ژمارەیەک لێپرسراوی باڵا و بەڕێوەبەری گشتی و سەرۆکی دەستەی پێشوو لە دۆسییەی گەندەڵییەوە تێوەگلاون و بە تۆمەتی دزینی پارە و فێڵ و بەفیرۆدانی دارایی گشتی دادگایی دەکرێت.

سەرۆکی دادگاکە ئاشکرایکرد، تا ئێستا نزیکەی ٩٠ بۆ ١٠٠ داوای لەبەردەستداوە تایبەت بە بابەتی گەندەڵی، بە گوێرەی داواکان ئەو بڕە پارانەش کە دزراون لە کەرتی گشتی، بە گەورەترین بڕی پارە دادەنرێت کە تا ئێستا دادگاکە بینیوویەتی.

سەرۆکی دادگا ڕوونیکردەوە، دەستەی قەلاچۆکردنی سپیکردنەوەی پارە و کۆمەککردنی تیرۆر،داوای لەسەر ئەو کەسانە بەرزکردووەتەوە، کە بەگوێرەی لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان پارەکان بە زۆری سپیکراونەتەوە یان کۆمپانیای راستەقینە و وەهمی پێ دروستکراوە.

سەرۆکی دادگاکە ئاشکرایشیکرد، هەر لەو چوارچێوەیەدا ژمارەیەک لە بازرگانیش دادگایی دەکرێن، کە خۆیان لە باجدان بە دەوڵەت دزییوەتەوە و بۆ هەر یەکەیان بڕی ٥٠ تا ١٠٠ ملیۆن لیرەی سورییان لێ دەسەندرێت.