خۆشەویستی بەمەرجی خودبیرچوونەوە

11/03/2021
فۆتۆ: 

‎لازۆ ئازاد

هەرگیز لە خۆت پرسیوە من تا کوێ خۆشویستراوم؟

تا کوێ بەهاو بوون  و دەنگم لای خێزان وکەسە نزیکەکانم جێگای بایەخ بووە؟ تا کوێ سەرکەوتن و هەوڵەکانم جێگای دڵخۆشی و شانازی بووە بۆ ئەوانەی بۆم گرنگن؟

پرسیووتە من تا کوێ وویستراوم؟ هاوڕێکانت لەبەر چی هاوڕێتی تۆیان دەوێت؟

تۆ دەزانی مەرجی ئەوانیتر لە بەرامبەر خۆشویستنتدا چییە؟

 دەزانم ئەمانە پرسیاری سادە و ئاسانی رۆژانە نین. پرسیارگەلێک نین بخوازین بەدەم خواردنەوەی چاییەکی دارچینییەوە بیری لێبکەین و لە خۆمانی بکەین .

قسەکردن لەسەر سۆز و خۆشەویستی بە گشتی نەک ئاسان نییە بگرە بۆ زۆر کەس کارێکی سامناکە. ئەگەر بێت و تایبەتتریشیکەینەوە بە کەسێک\ کەسانێک کە بۆمان گرنگن ئەوە هەر زۆر ترسناکترە، هەروەک ئەوەیە خۆمان بخەینە ناو بیرێکی تاریکەوە کە هەرگیز ڕێگایەکی ڕزگاربوونمان لەبەردەمدا نەبێت، یان لە ناو ژوورێکی تاریکی بێ پەنجەرە و دەرگادا بین و هیوایەک نەبێت بۆ بینینەوەی ڕووناکی .

ئایا خۆشەویستی هەستێکی سەربەخۆ و ئازادە؟ ئایا لکێنراو نییە بە هیچ شتێکی ترەوە؟ بۆ نموونە ئەوەی دەیانەوێت چۆن بین؟ چۆن بیربکەینەوە؟ چ جۆرە ژیانێک بژین و چۆن ڕەفتار بکەین؟ بیروباوەڕەکانمان چۆن بن؟ ئایدۆلۆژیامان چییە؟

ئایا بارگاوی نییە بە داواکاری و جێبەجێکردنیەوە؟

 مەرجێک نییە بۆ قبوڵکردنمان؟

ئایا وەک خۆت، وەک ئەوەی هەیت وویستراویت؟

ئەم نووسینە هەوڵێکی زۆر بچکۆلە و سادەیی  ژنێکە بۆ کەمێک ڕامان لەسەر بابەتی خۆشەویستی لە گۆشەیەکی پەنهانەوە، تەواو پەیوەستە بە ئەزموونی تاکەکەسیی خۆمەوە. گێڕانەوەی هەموو هەستەکانی بینین، بیستن،هەستپێکردن و بەرکەوتنە لەگەڵ ئەوانیتردا .

دیارە هۆشیارم بەوەی ئەم بابەتە زۆر قوڵەو دەکرێت بەچەندین فۆرمی جیاواز و لە چەندین ڕەهەندی جیاوازەوە باسی بکەین. یان گەر بمانەوێت هەوڵ بۆ ڕاڤەکردن و توێژینەوە بدەین دەتوانین پەنا بەرین بۆ ئەو تیۆرییانەی کە لە هەموو ئەو زانستانەی پەیوەیستن بە مرۆڤەناسییەوە بەرهەمهاتوون. بەڵام ئەوەی هەمیشە جێگای سەرنجی من بووە، گێڕانەوەی سادە و تێرامانی مرۆڤەکان بووە بە ڕیوایەتی خۆیان کە زۆرجار هاوکاربوون بۆ بیرۆکەی نووسین و  توێژینەوە و ئەو دیباتانەش کە لە دنیای ئەکادیمیا و لێکۆڵینەوەکاندا نووسەران و توێژەران سوودیان لێوەرگرتوون .

بە هێواشی یان ڕەنگە باشتر بێت بە چرپە پێت بڵێم کە شتەکان بەو جۆرە نین کە هەمیشە بینیومانن و هەستمان پێکردوون و بیرمان لێکردوونەتەوە .

ڕەنگە ئەوە بۆ بەرامبەرەکەمان و زیاتریش بۆ کەسە هەر نزیکەکانمان وەک دایک، باوک، خوشک،برا و هاوڕێکانمان جێگەی سەرسوڕمان بێت گەر ڕۆژێک لە رۆژان لێیان بپرسین تۆ بۆ منت خۆشدەوێت؟ یان گەر چۆن بم تۆ منت خۆشدەوێت؟ و تا کوێ و تا کەی منت خۆشدەوێت؟ بە چ مەرجێک و لەبەرامبەر چیدا سۆز و خۆشەویستی خۆتم پێدەبەخشیت؟

ڕۆژێک کچەکەم بەدەم وێنەکێشانەوە ووتی دایکە ئەگەر منداڵێک لە وانەکانی قوتابخانەدا باش نەبوو دایک و باوکی هەر خۆشیاندەوێت؟ گەر بە دڵی ئەوان جلوبەرگی نەپۆشی و تەنانەت ڕەنگی بۆیەی نینۆکەکەشی بەدڵی ئەوان نەبوو ئایا هەر خۆشیاندەوێت؟ ئەی ئەگەر بڕیاری دا ئیتر کچ نەبێت یان گەر کوڕبێت رۆژێک ئیتر بڕیار بدات کە نایەوێت کوڕبێت ئەو کاتە چی؟

بۆچی کچێکی ١٠ ساڵان  بیر لەوە بکاتەوە لە دواڕۆژدا ببێتە پزیشک لەبەر ئەوەی باوکی پزیشکە، نەک لەبەر ئەوەی خۆی دەیەوێت؟ کچەکەم پرسی گەر هیچ شتێکی بە دڵی دایک و باوکی نەبوو ئایا هەر خۆشیان دەوێت؟

با بێیینەوە سەر گەورەکان، تۆبیرت لەوە کردۆتەوە کە براکەت لەبەر چی تۆی خۆشدەوێت؟ لەبەر ئەوەیە کە براتە و بێگومان براش خوشکی خۆی خۆشدەوێت یان دەکرێت لەبەر ئەوە بێت تۆ کچێکی ئاقڵ و گوێڕایەڵیت وگۆرەوییەکانی بۆ دەشۆیت؟ ئەی پوورت  بۆچی لە هەموو میوانداری و کۆبوونەوە خێزانیەکاندا ستایشت دەکات؟ دەکرێت لەبەر ئەوە بێت تۆ کچێکی شەرمن و بێدەنگیت؟ چونکە ئەو پێی وایە بەتەنیا کچی بێدەنگ و شەرمن کچی چاکە و هەر بۆیە خۆشەویستیشە. دوور نییە لە ئێستاشەوە پرۆژەیەکی دابەستە بیت بۆ کوڕەکەی؟

یان باوکە ئازیزەکەت؟ گەر قژە درێژەکەت کورت بکەیتەوە و تەنانەت بخوازیت وەک ستیالێکی نوێش لایەکی بە تەواوەتی تەنک بکەیت هێشتا بە کچی خۆیت دەزانێت؟

هەموو ئەو پرسیارانەی دوودڵی لەسەر هەست و سۆزی مرۆڤ درووست دەکەن بەرهەمی بیرکردنەوە و ژانن، پرسیارگەلێکن هەندێجار تا ڕادەی شوناس وونکردن و کاڵبوونەوەمان دەمانبەن. پرسیارگەلێکن لەبەرامبەر هەموو ئەو (نا) و (نابێت) و (قبوڵنەکراوە) و (کەس شتی واناکەت) و (ئێمە بۆ خۆتمانە)و (لەوەتەی هەبووین هەروابووە و هەرواش دەبێت) و (تۆ بۆ قەت بە دڵی ئێمە ناکەیت) و (ئێمە ئەگەر دڵسۆزت نەبین واناڵێین) و (ئەگەر خۆشمان نەوێیت بێگومان دڵت ناشکێینین) ئاسان وەڵام نادرێنەوە .

لە دنیای تۆدا خۆشەویستی ئازاد و سەربەخۆییە یان لکێنرا و بارگاوییە بە مەرج و داواکاریی ؟

من ئێستا سی و شەش ساڵم، دەتوانم بڵێم تا ئێستا  زۆرجار کەوتوومەتە بەردەم پرسیاردانان لەسەر  هەست و خۆشەویستی کەسە نزیکەکانم.  گومان و دوودڵییەکانشم لەم ڕووەوە زۆربەی جارەکان لەو کاتانەدا بوون کە من بە پێوەر ، یاساو ڕێساو، دابوونەریت و وویستە تاکەکەسیەکان و داواکاریی خێزان و زۆرجاریش کۆمەڵایەتییەکانیانەوە نەجوڵاومەتەوە .

ئەو کاتانە بووە کە ئاوڕدەدەیتەوە و ئیتر بە کچە ئاقڵ و گوێڕایەڵەکە ناناسرێیت، ئاوڕدەدەیتەوە و تەنیا لەبەر ئەوەی داوای مافە زۆر سەرەتاییەکانی خۆتت کردووە ئیتر کچە سەلار و سەنگینەکە نیت کە پورت بیەوێت پرۆژەیەک بیت بۆ کوڕەکەی (کە مافی خۆتە پرۆژە نەبیت بۆ هیچ کەسێک جگە لە خۆت)، ئاوڕدەدەیتەوە و هەر لەبەر ئەوەی هاوژیانی خۆت بە وویست و دڵی خۆت هەڵبژاردووە ئیتر حاشالێکرا و نەویستراویت، ڕەنگە پرۆژەیەکی خێزانەکەشت بیت بۆ تۆڵەسەندنەوە و کوشتن !

کەی یەکەم جار لە ئەنجامی گرژییەک،ڕووبەڕووبوونەوەیەک یان هەر ئەوەی ڕاوبۆچوونێکی سەربەخۆی خۆت هەبووە باجی کەمبوونەوەی خۆشەویستی ئەوانیترت داوە؟ یان گەر بۆ ماوەیەکی دیاریکراویش بووبێ لێێ بێبەری کراویت؟

چەند جار لەسەر ئەوەی بە دڵی ئەوانی تر خۆت نەگۆڕیوە چوونە دەرەوەکەت هەڵوەشێنراوەتەوە، نەک تەنیا ئەوە تەنانەت بە زارەکی و بە جەستەیش توندوتیژیت بەرامبەرکراوە؟ خوێندنەکەت بە دڵی ئەوانیتر هەڵنەبژاردووە و شکێنراویت و بەشکستخواردوو سەیرکراویت؟ بە دڵی ئەوان هاوژیانییت لەگەڵ کەسێکیتر نەکردووە و بە بێڕەوشتیان نەزانیویت؟ چەند جار بە ناوی ئەو هەموو خۆشەویستییە مەرجدارەیانەوە تۆ وویست و ئارەزوو و هیوا و خەونەکانی خۆت ناشتووە؟ چەند جار بێدەسەڵاتی و زەلیلی و بێزمانی خۆتت هەست پێکردووە؟ چەندجار لە بێ بەهاکردن و بێدەنگکردن و نەبینینتا خۆتت لەبەرچاو تاریک بووە؟

چەندجار پرسیارت لەسەر ڕەوشت و وویست و داواکارییەکانی خۆت داناوە و ڕێگایی خۆت و ژنبوونت وونکردووە؟

من ئێستا سی و شەش ساڵم و هێشتاش دڵنیانیم خۆشەویستی هەستێکی نەلکێنراو و بێبەرامبەر و سەربەخۆیە یان هەستێکە وەک پاداشتە و بەمەرجی خودبیرچوونەو و ئاوێتەبوون لە وویست و داواکارییەکانی ئەواندا پێتدەبەخشرێت!