سەرۆكی ژووری بازرگانی‌ سلێمانی: عێراق بازاڕێکی گەورەیە بۆ ساغكردنەوەی بەرهەمەکانمان

12/03/2021
فۆتۆ: 
سلێمانی

سەرۆكی ژووری بازرگانی ‌و پیشەسازی سلێمانی رایگەیاند، پێویستە حكومەتی هەرێم پابەندبێت بە بڕیارەکانی بەغداوە کە بەمەبەستی پاراستنی بەرهەمی ناوخۆ و رەخساندنی هەلی كار دەرچون، دەشڵێت، ئەو بڕیارانەی لەبەغدا دەردەچن ‌و لێرە كاریان پێناكرێت‌، زیان بە هەرێم و جوڵەی بازرگانی دەگەیەنن.

سیروان محەمەد، سەرۆكی ژووری بازرگانی ‌و پیشەسازی سلێمانی ئاشکرایکرد، بەمدواییە لەلایەن حكومەتی عێراقەوە بڕیار لەسەر ئەوە دراوە کە ئوتومبێلی بەكارهاتوو لەدوبەی چاك نەكرێت ‌و هاوردە نەكرێت، بەڵكو ئەو ئۆتۆمبێلانە بەشكاوی بهێنرێن ‌و لەناو عێراقدا چاك بكرێن، بۆ ئەوەی هەلی كار بڕەخسێت بۆ هاوڵاتیان، كە خەڵكێكی زۆر لە تەكەنەچی ‌و بۆیاخچی‌ و شۆفێر سوودی لێدەبینن، بۆیە هەرێمی كوردستانیش پێویستە پابەند بێت بەم بڕیارەوە و بەزووترین كات بیخاتە بواری جێبەجێكردنەوە، ئەگەرنا گەورەترین زیان لەكەرتی تایبەت دەدرێت.

وتیشی "ئەو بڕیارانەی لەبەغدا بەمەبەستی پاراستنی بەرهەمی ناوخۆ و رەخساندنی هەلی كار دەردەچن ‌و لێرە كاریان پێناكرێت،‌ زیان بە هەرێمی كوردستان ‌و جوڵەی بازرگانی‌ و بازرگانان دەگەیەنن ".

سەرۆكی ژووری بازرگانی ‌و پیشەسازی سلێمانی ئاماژەی بە ژمارەیەک بڕیار كرد كە لەلایەن حكومەتی فیدڕاڵییەوە دەرچوون، بەمەبەستی قەدەغە كردنی چەندین كاڵا ‌و بەرهەمی جۆراوجۆر لەوانە مریشكی بەستوو، مریشكی پارچە پارچە و زیندوو، ماسی ‌و هێلكە ‌و چەندانی تر، ئەو وتی، "بەڕای من دەبێت حكومەتی ئێمەش پابەند بین بەقەدەغە كردنی ئەم مەوادانەوە، ئەگەر هەرێمی كوردستان ئەم بڕیارانە جێبەجێ نەكا زیانی گەورە دەكات، بینیشمان ئەو بارانەی ئەم مەوادانەیان لەهەرێمی كوردستانەوە چەند رۆژێك لەمەوبەر باركردبوو بۆ ناوەڕاست ‌و خوارووی عێراق، لە بازگەكانی عێراق پێیانراگرتن ‌و بەشۆفل كران بەژێر گڵەوە‌ و ژمارەیەك بازرگان تووشی زیان بوون ".

جەختی  لەوەشکردەوە كە دەبێت هەرێمی کوردستانیش پابەند بێت بەو بڕیارانەوە و رێگە نەدا ئەو مەوادانە بێنە ناوەوە‌ و هەوڵبدرێت گەشە بە بەرهەمی ناوخۆ بدرێت.

 دووپاتیشیکردەوە، "دەبێت هەماهەنگی تەواو لەگەڵ بەغدا بكەین و پابەندبوون بەو بڕیارانەی حكومەتی عێراق هەلی كاری زیاتر لەكوردستاندا دەڕەخسێنێت، كە هەزاران كێڵگەی پەلەوەرمان هەیە، هەزاران خانووی پلاستیكیمان هەیە، ئامادەن بۆ بەرهەمهێنانی ئەم بەرهەم‌ و كاڵایانە، ئیتر بۆچی ئێمە دەرگا بۆ كاڵای وڵاتانی تر بكەینەوە و هاوردەیان بکەین".

سەرۆكی ژووری بازرگانی ‌و پیشەسازی سلێمانی راشیگەیاند، "بازاڕی عێراق بازاڕێكی گەورەیە بۆ ساغكردنەوەی بەرهەمەكانمان، ئێستا هەموو وڵاتانی دنیا بەدوای هەلی كاردا ڕادەكەن، ئێمە كە دەرفەتێكمان لەبەردەمدایە با لەدەست خۆمانی نەدەین".

تەئکیدی لەوەشکردەوە کە حكومەتی هەرێم دەبێت گوێ‌ لەكەرتی تایبەت بگرێت و وەزارەت ‌و بەڕێوەبەرایەتییە ئابورییە بدرێن بەكەرتی تایبەت.