تورکیا ڕازی بووە بە بەردانەوەی بەشە ئاوی دادپەروەرانە بۆ عێراق

14/03/2021
فۆتۆ: 

مەهدی رەشید حەمدانی وەزیری سەرچاوەکانی ئاوی عێراق ڕایگەیاند، پەرلەمانی تورکیا ڕەزامەندی نیشانداوە لەسەر یاداشتی لێکتێگەیشتنی نێوان تورکیا و وڵاتەکەی، کە ئەنکەرە پابەند دەکات بە بەردانەوەی بەشە ئاوی دادپەروەرانە بۆ عێراق.

حەمدانی لە لێدوانێکی ڕۆژنامەنووسیدا ڕایگەیاند، نێردەی تایبەتی تورکیا جەختیکردووەتەوە لە بوونی ڕێککەوتن و یاداشتی هاوبەش، کە بەم نزیکانە دەچنە بواری جێبەجێکردنەوە.

وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاو جەختیکردەوە، پەرلەمانی تورکیا رەزامەندی نیشانداوە لەسەر ئەو یاداشتی لێکتێگەیشتنەی کە تورکیا پابەند دەکات بە بەردانەوەی بەشە ئاوی عێراق بەشێوەیەکی عادیلانە.

ئاماژەی بەوەشکرد، لایەنی عێراقی تا ئێستا نزیکەی ٦ کۆبوونەویە لەگەڵ تورکیادا لەم ماوەیەی ڕابردوودا لەگەڵ لایەنی تورکی ئەنجامداوە، کە چەند ساڵێکە کۆبوونەوە و لێکتێگەیشتنی لەوجۆرە نەبووە.

ئەوەش لە کاتێکدایە، بەهۆی دروستکردنی چەند بەنداوێکی زەبەلاحەوە لەسەر ڕێڕەوی هەردوو ڕوباری دیجلە و فوڕات، لە وەرزی کشتوکاڵ و هاویندا کێشەی کەمئاوی بۆ عێراق دروست دەکات و بەشێکی ناوچەی دەلتای نێوان دیجلە فورات بەرەو بە بیابان بوون چووە و کاریگەریی هەبووە لەسەر کەمبوونەوەی چاندنی هەندێک کشتوکاڵ، کە پێویستی بە بڕێکی زۆر لە ئاو هەیە.