کتێبی ناسینەوەی کورد لە شوێنەواردا

14/03/2021
فۆتۆ: 

لەلایەن (سارا سەردار)ەوە نووسراوە

کتێبی (ناسینەوەی کورد لە شوێنەواردا) کتێبێکە لە چوار بەشی سەرەکی پێکهاتووە و هەر بەشێک تایبەت کراوە بە کۆمەڵێ بابەتی جیاواز و پێوەندیدار بە بەشەکانی پێشوو. ئەم کتێبە لەلایەن نووسەری بواری مێژوو شوێنەوار (سارا سەردار)ەوە نووساروە و لە لایەن هەر دوو مامۆستای زانکۆ، " دکتۆر کەیوان ئازاد" پسپۆری بواری مێژوو و " دکتۆر ئاری خەلیل" پسپۆر لە بواری شوێنەوار پێداچوونەوەی زانستی بۆ کراوە.

سەبارەت بە کتێبەکە نووسەر سارا سەردار تایبەت بە ژیا نوتی: ئەم کتێبە بە شێوازێکی گشتی باس لە مێژووی ژیان و ئاوەدانی لە کوردستان دەکرێ. لە بەشی یەکەمی کتێبی ناسینەوەی کورد لە شوێنەواردا باس لە سەرەتای درووستبوونی ژیان لە کوردستان دەکرێ کە سێ بابەت لە خۆی دەگرێتەوە و باس لە مێژوو و دێرینگی هەر سێ ئەشکەوتی شانەدەر و هەزارمێرد و زەرزی دەکات. لە بەشی دووەمی کتیبەکە باس لە چۆنییەتی هاتنەوە خوارەوەی مرۆڤ لە ئەشکەوتەکان بەرەو پێ دەشتەکان دەکرێت و گوندی بیستانسوور وەک یەکەم و کۆنترین گوندی شوێنەواری کە تاکو ئێستا تۆمار کرابێت و هەروەها شاری مێژوویی بەکرئاوا لە نزیک سلێمانی وەک یەکەم شاری شوێنەواری کە چۆل کرابێت دەخرێتەڕوو.

بەشی سێیەمی ئەم کتێبە تایبەت کراوە بە سەرهەڵدانی دەسەڵاتداری درووسستبوونی هێز لە کوردستانی گەورە هەرچی لە بەشی چوارەمە کە کۆتا بەشی ئەم کتێبەیە باس لە چۆنییەتی یەک گرتنی هۆزە کوردییەکان دەکات لە دژی دەسەڵاتە دەرەکییەکان و دروستبوونی دەسەڵاتداری میدییەکان و یەکخستنەوەی هەر چوار پارچەی کوردستان، لە ژێر یەک دەسەڵات و هێز و ئاڵادا.

ماوەتەوە بڵێین لەم کتێبەدا نووسەر هەوڵیداوە لە کۆتایی هەر بابەتێک چەند وێنەیەکی تایبەت بە بابەتەکە دابنرێت، بۆ درووستبوونی بەکگراوەندیک لە لەلای خوێنەر.

کتێبەکەش لە لایەن خانەی مۆکریانی بۆ چاپ و بڵاوکردنەوە، چاپ کراوە.