ڤیدیۆ.. سوپای پاسداران شارێکی موشەکی لەژێر زەویدا ئاشکرا کرد

15/03/2021
فۆتۆ: 

سوپای پاسدارانی ئێران ئەمڕۆ لەژێر زەویدا شارێکی بەرهەمهێنان و هەڵگرتنی موشەکی جۆرا و جۆری ئاشکراکرد، کە توانای جیاوازیان لە ئاراستەکردنیان بۆ ئامانجەکانیان.

حسین سەلامی فەرماندەی سوپای پاسداران دەربارەی ئەو گۆگا زەبەلاحەی موشەکی وڵاتەکەی ڕایگەیاند، بنکەکە هەموو پێداویستییەکی ئەلکترۆنی تیا دابینکراوە و توانای هەیە موشەک و مینی دەریایی ئاراستە بکات لە قوڵایی دەریاوە.

فەرماندەی سوپای پاسداران ئاماژەی بەوەشکرد، هێزە دەریاییەکانی وڵاتەکەی لە سوپای پاسداران، هەموو کەلوپەل و پێداویستییەکی جەنگی ئەلکترۆنی بۆ دابینکراوە و توانای هەیە، جموجوڵەکانی ناوخۆیی دوژمن وەربگرێت و شوێن ئاماژەکانی بکەوێت لە ناوچەکە.

لە لایەکی ترەوە محەمەد جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند، جیهان بە گشتی ئارامی بەخۆیەوە نابینێت، ئەگەر بێتوو دۆخی ئەمنی وڵاتێک بکەوێتە مەترسییەوە، هیچ دەوڵەتێکیش ناتوانێت دڵنیایی بدات لە ئاسایشی وڵاتەکەی خۆی، ئەگەر بێتوو ئاسایشی وڵاتانی دیکە بخاتە مەترسییەوە فشاریان لێ بکات.

زەریف ئاماژەی بەوەشکرد، وەک چۆن توانییان موشەک دروست بکەن، دەشتوانن فاکسین دروست بکەن، چونکە خۆرئاوا سێ هێندەی پێویستی خۆی ڤاکسینی کۆرۆنای بۆخۆی قۆرغ کردووە.

لە  گفتوگۆیەکدا لەگەڵ سەنتەری سیاسەتەکانی ئەوروپا لەڕێگەی ڤیدیۆ چاتەوە، وەزیری دەرەوەی ئێران جەختیکردەوە، هیچ بەڵگەیەک نییە بۆ دەستپێکردنی گفتوگۆی نوێ لەگەڵ واشنتۆن، ئێران ئامادەیە پاشگەز بێتە لەو هەنگاوانەی کە ناوییەتی لە کەمکردنەوەی پابەندبوونەکانی لە بەرنامە ئەتۆمییەکەی وڵاتەکەیدا، ئەگەر بێتوو دەستبەجێ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاش پابەند بێت بە ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکەوە و سزاکانی سەر تاران هەڵبگرێت.

ئاشکراکردنی ئەو پێگە موشەکییە نوێیەی ئێران لەژێر زەویدا لە کاتێکدایە، چاوەڕواندەکرا ناکۆکییەکانی نێوان ئێران و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، لە سەردەمی جۆ بایدن ئاراستەیەکی دیکە وەربگرێت و  بە تەواوی هێور ببێتەوە.