هاوسەرۆکانی یەکێتی: لەمڕۆدا چارەسەرکردنی کێشەکان لە بەغدایە

15/03/2021
لاهور شێخ جەنگی و بافڵ تاڵەبانی هاوسەرۆکانی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان
فۆتۆ: 
سلێمانی

هاوسەرۆکانی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان رایانگەیاند، لەمڕۆدا چارەسەرکردنی کێشەکان لە بەغدایە، بۆیە پێویستە پەنا بۆ زمانێکی ھاوبەشی نیشتیمانی ببرێت.

ئەمڕۆ دووشەممە ١٥ی٣ی٢٠٢١، لاهور شێخ جەنگی و بافڵ تاڵەبانی هاوسەرۆکانی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان، لە دەباشان پێشوازییان کرد لە برۆنۆ ئوبێر باڵیۆزی فەرەنسا لە عێراق و ئۆلیڤیێ دیکوتینێ، کونسوڵی گشتیی فەرەنسا لە ھەرێمی کوردستان .

لە دیدارەکەدا گفتوگۆ کرا دەربارەی دوایین پێشھات و گۆڕانکارییە سیاسی و ئابووری و ئەمنییەکان و پرسی هەڵبژاردنەکانی داهاتوو و ڕێوشوێنەکانی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولا .

هەروەک جەختکرایەوە لەسەر چڕکردنەوەی هەوڵەکان بۆ لابردنی بەربەستەکان و دۆزینەوەی ڕێگەچارەی گونجاو بۆ تێپەڕاندنی دۆخەکە .

هاوسەرۆکانی یەکێتیی خواستی حزبەکەیان دووپاتکردەوە بۆ چارەسەری دەستوورییانەی کێشە داراییەکان و پرسە نیشتیمانییەکان و ڕاشیانگەیاند، لەمڕۆدا چارەسەرکردنی کێشەکان لە بەغدایە، بۆیە پێویستە پەنا بۆ زمانێکی ھاوبەشی نیشتیمانی ببرێت .

لەبارەی هەڵبژاردنەکانی داهاتووی عێراق، لاهور شێخ جەنگی و بافڵ تاڵەبانی تەئکیدیان لەسەر ڕەخساندنی زەمینەیەکی گونجاو کردەوە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد لە کات و ساتی خۆیدا و دوور لە دەستتێوەردان .

دەربارەی پرسی حکومڕانی لە هەرێمی کوردستان، هاوسەرۆکانی یەکێتیی پەرۆشی و بڕیاری حزبەکەیان  دووپاتکردەوە بۆ چەسپاندنی سیستمی لامەرکەزیی لە پێناو بەهێزکردنی پێگەی هەرێم و باشکردنی خزمەتگوزارییەکان و دابینکردنی ژیانێکی شایستەتر بۆ هاوڵاتییان .

هەر لە دیدارەکەدا هاوسەرۆکانی یەکێتیی و باڵیۆزی فەرەنسا لە عێراق و کونسوڵی گشتیی فەرەنسا لە ھەرێم ھاوڕابوون لەسەر کۆی ئەو پرسانەی خرانەڕوو، هاوکات تەئکید لە ئەنجامدانی کاری هاوبەش و پێکەوەیی کرایەوە کە خزمەت بە بەرژەوەندییە باڵاکانی هەردوولا بکات .