یەکەم وڵات بە یاسا دراوی ئەلکترۆنی قەدەغە دەکات

16/03/2021
فۆتۆ: 

ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەزر ڕایگەیاند، حکومەتی هیندستان پڕۆژە یاسایەکی ئامادەکردووە، بە مەبەستی قەدەغەکردنی مامەڵەکردن بە دراوی ئەلکترۆنی بەشێوەیەکی یەکجارەکی.

ئاژانسەکە ئاماژەی بەوەکردووە، حکومەتی هیندستان لەناو ئەو دراوانەی کە قەدەغەی دەکات، دراوی بتکۆینە کە چەند ساڵێکە رەواجێکی گەورەی پەیداکردووە.

بەگوێرەی سەرچاوەکانی حکومەتی ئەو وڵاتەوە، لە دوای دەرکردنی بڕیارەکەوە، هەر کەسێک کا ر بکات لەسەر هەڵگرتن یان بازرگانیکردن بە دراوە ئەلکترۆنییەکانەوە، ڕووبەڕووی یاسای تاوانکاری دەکرێنەوە، یان غەرامەی دارایی دەکرێن.

دوای پەسەندکردنی یاساکەش، مۆڵەت دەدرێت بە هاوڵاتیانی هیندستان لە ماوەی ٦ مانگدا خۆیان ڕزگار بکەن لەو دراوە ئەلکترۆنیانەی کە هەیانە، بەوەش هیندستان دەبێتە یەکەم ئابوری سەرەکی لە جیهاندا، کە دراوی ئەلکترۆنی بە تەواوەتی قەدەغە دەکات.

ئەوە یەکەمجارە نییە حکومەتی هیندستان هەڵوێستی توند لە بەرامبەر دراوە ئەلکترۆنییەکان دەگرێتە بەر، سێ ساڵ لەمەوبەریش لیژنەیەکی حکومەت پێشنیازی قەدەغەکردنی هەموو دراوێکی ئەلکترۆنی کرد، ئەو کەسانەش کە پێشیڵکاری دەکەن، سزای ١٠ ساڵ زیندانیکردنی بەسەر بسەپێنرێت.

ئەوەش لە کاتێکدایە، لە ماوەی ڕابردوودا حکومەتی هیندستان دوودڵی خۆی نیشاندا سەبارەت بە چالاکییە نایاساییەکانی دراوی ئەلکترۆنی جۆری بتکۆین، چونکە مەترسی ئەوەی هەبوو، لەڕێگەوە پارەی تیا سپی بکرێتەوە، چونکە هیچ بنەمایەک نییە بۆ ڕێکخستنی مامەڵەی ئەو جۆرە دراوە.