من مردن ئەدەمە دەست ژیان

16/03/2021
فۆتۆ: 

سۆران عومەر

من پێویستم بە فڕین نییە

بۆبەرزبوونەوەم بەرەو ئاسمان

هەرکاتێک بمەوێت ئەڕۆمەوە

ئەسمان خۆی هەڵمئەگرێ و

ئەمباتەوە بۆ ناوخۆی.

ئەتوانم کات لەناو زەمەنێکی

ڕۆیشتوودا لەخاچ بدەم

تاکو بە فرمێسکی ڕۆژگاری لەدەستچوو

دونیا بێ بایەخ بکەم

وەک خۆی کە بێ نرخە.

من پێویستم بەهاتنی مردن نییە

مردن لەناو مندا گەورە ئەبێت

شەوێک فڕێی ئەدەمە بەردەم

دڵشکاوترین تاریکی

لە قوڵایی ڕۆژێکدا

کە خۆر مردبێت.

ئەتوانم ئاگر بکەم بەخۆڵ

خۆڵ بکەم بە ئاو

ئاو بکەم بە بەرد

بەرد بکەم بەپەیکەری خودایەک

کە بەدەستی خۆم ئەیشکێنم

بێگوێدانە هیچ شکۆیەک.

من مردن ئەدەمە دەست ژیان.

زەوی لای من هیچ سەقفێکی نییە

مانگ و خۆر و ئەستێرەکان

خامۆش و بێدەنگ

لەسەر مێزی ژیانێکی بەجێماو.

من وێنەی قسەکانی خودا ئەگرم

لەئەلبومی فەرامۆشکراوی

بەردەم ژووری لەدایکبوونی خەونێکی کوژراودا

کە ڕەشەبا وێنە وێنە هەڵیان ئەداتەوە و

دەیانداتە دەست هیچێتی

بۆ لە بیرچوونەوە

بەدیواری ونبووندا هەڵیاندەواسێت.

من مردن ئەدەمە دەست ژیان.

من ئەتوانم بەرەو بەهێزترین زریان بڕۆم

ڕەشەباکان ڕابگرم

لورەیان بێدەنگ

ئازار بکوژێنمەوە.