ڕۆمانی کەژاڵ، چیرۆکی کچە یاخییەکە

18/03/2021
فۆتۆ: 

لەلایەن (ڕووناک شوانی)یەوە وەرگێڕدراوە

ڕۆمانی کەژاڵ یەکێک لە ڕۆمانە پڕخوێنەرەکانی ئێرانە. ڕووداوەکانی ئەم ڕۆمانە لەگەڵ یەکەم سەفەری کچەپزیشکێک" پەروازە "بۆ گوندێکی دوورەدەستی ناوچەی ئێلام، بەمەبەستی جێبەجێکردنی بەرنامەی دوای خوێندنی زانکۆ دەست پێ دەکات. شوێنی کارەکەی لە دەرمانگەیەکی قەراخ گوندەکە دەبێت. ڕۆژێ کچێک بەناوی" کەژاڵ "خۆی دەخزێنێتە نێو دەرمانگە. ئەم کیژوڵە گوندییە باسی ژیانی خۆی بۆ خانمی دکتۆر دەکات، کە هاوشێوەی زۆربەی کچانی ئاوایی و کوڕێلی گەنج لە سۆنگەی دەسەڵاتی پیاوسالاریی، نایەکسانیی زایەندیی، ڕق و کینە، تۆڵە و دووبەرەکی سەراپای ژیانیان بەمراد نەگەیشتوو، بێهیوا و داهاتوون. لێرەوە ڕووداوەکان ئاقارێکی دیکە دەگرنە بەر، خانمی دکتۆریش پا بەپای کچان و ژنانی ئاوایی تێکەڵی گێرمە و کێشەکانی گوند دەبێت .

ژیانی کەژاڵ، بەرەنگاربوونەوەی لەگەڵ دابونەریتی سەپێنراو، هەژاریی و کێشە کۆمەڵایەتییەکان کرۆکی ڕووداوەکانی ئەم ڕۆمانە پێک دەهێنن، کە دوور نییە ڕاستەقینە یان زادەی خەیاڵی نووسەر بن.

ئەم ڕۆمانە باس لە چەمکگەلی وەکو: تۆڵە، خۆکوشتنی کچان، ڕەدووکەوتن، یاخیبوونی کچەگوندییەک و بەرەنگاربوونەوەی دابونەریت دەدوێ. هەروەها دانانی دوو کۆتایی دژ بەیەک بۆ ڕۆمانەکە تەکنیکێکی جیاوازمان بەبەراورد لەگەڵ بەرهەمەکانی پێشووتری نووسەر نیشان دەدات .  

بەو پێیەی هەندێک لە میتافۆر و ناوی کارەکتەرەکان ئاماژە بەوە دەدەن، کە شانۆی ڕووداوەکان گوندێکی ناوچەی لوڕستان بێت، بۆیە بەدروستمان زانی هەندێک لە گفتوگۆی گوندنشینەکان وەرگێڕینە سەر شێوەزاری شیرینی کەلهوڕی( باشووری کوردستان).

مەندانە موعینی بەیەکێ لە نووسەرە هاوچەرخەکانی ئێرانیی دەژمێردرێت. ناوەڕۆکی ڕۆمانەکانی هەڵقوڵاوی کێشە و گیروگرفتە کۆمەڵایەتییەکانی کۆمەڵگەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستن. بابەتی سەرەکی بەرهەمەکانی باس لە هەژاریی، نادادیی، گەندەڵی دەسەڵات و کێشە کۆمەڵایەتییەکان دەکەن، کە بەزمانێکی سادە و ساکار، بێ گرێ و گۆڵ، هەندێکیشیان تەنزئامێز نووسراون.