ئەمریکا 10 کەسی ئێرانی بە پێشێلکردنی گەمارۆکان تۆمەتبارکرد
وەزارەتی دادی ئەمریکا 10 کەسی بەڕەچەڵەک ئێرانی بە پێشێلکردنی گەمارۆکان تۆمەتبارکرد و رایگەیاند، ئەگەر تۆمەتەکەیان بەسەردا ساغبێتەوە، بە 20 ساڵ زیندانیی سزا دەدرێن.
وەزارەتی دادی ئەمریکا لە بەیاننامەیەکدا بڵاویکردەوە، هەشت پیاو و دوو ئافرەت بە نوێنەرایەتی ئێران چەندین کاری بازرگانییان ئەنجامداوە، لەوانەش لەڕێی ٧٠ کۆمپانیای بریکاریی ئەمریکا و ئێران و کەنەدا و ئیمارات دوو تانکەر نەوتیان بە بەهای 25 ملیۆن دۆلار کڕیوە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەو کەسانە کە بە سپیکردنەوەی زیاتر لە ١٥٧ ملیۆن دۆلار تۆمەتبارکراون، دانیشتووی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا نین.
جۆن دۆمێرس یاریدەدەری داواکاری گشتی ئەمریکا بۆ کاروباری ئاسایشی نیشتیمانی بەبێ ئاماژەپیدان بەناوی ئەو کەسانە، رایگەیاندووە، ئەو 10 کەسە کەڵکیان لە بریکاری کۆمپانیاکانی ئاڵوگۆڕی دراو لە سەرانسەری جیهان وەرگرتووە بۆ ئەنجامدانی چەندین کاری بازرگانی بە بەهای سەدان ملیۆن دۆلار لەگەڵ وڵاتێکی پشتیوانی "تیرۆر".
جەختی لەوەش کردووەتەوە کە واشنتن، هەموو رێگەیەک دەگرێتەبەر بۆ کۆنتڕۆڵکردنی توانای ئێران کە سیستمی دارایی ئەمریکا بۆ کردەوە شەڕانگێزییەکانی بەکار نەهێنێت.
یاریدەدەری داواکاری گشتی ئەمریکا بۆ کاروباری ئاسایشی نیشتیمانی راشیگەیاندووە، ئەگەر ئەو 10 کەسە تۆمەتەکانیان بەسەردا ساغبێتەوە، هەرکامیان سزای نزیکەی 20 ساڵ زیندانیان بەسەردا دەسەپێندرێت.
|