ڕێبوار سیوەیلی وا لەسەر حەمە کەمال ئەدوێ
فه‌یله‌سووفێك به‌وێنه‌ی مانگ ..
(دكتۆر محه‌مه‌د كه‌مال ( :
من ناتوانم وه‌ك هاوڕێ كۆنه‌كانی باسی بكه‌م، چونكه ئه‌وكاته‌ی ئه‌و خۆی به فه‌لسه‌فه‌وه سه‌رقاڵكردووه، ئێمه‌ومانان مناڵی لاكۆڵان بووین، هه‌رچه‌نده له بواری فه‌لسه‌فه‌دا به‌به‌رده‌وامیی ڕێژه‌یه‌كی نه‌گۆڕ له مناڵیی پێویسته. مناڵی و فه‌لسه‌فه جیابوونه‌وه‌یان نیه، ئه‌ویش منداڵێكی مه‌زنه .
له قۆناغی تاراوگه‌دا ناسیم، له گۆڤاری (مامۆستای كورد)، كاتێ وتاره‌كانی له‌وێ بڵاو ده‌كردنه‌وه.. ساڵی 1955 له بنه‌ماڵه‌یه‌كی ناودار و نیشتمیانپه‌روه‌ر له‌داییك ده‌بێت، به‌بێ ئه‌وه‌ی كه‌س بزانێت ڕۆژگار ده‌یخاته به‌رده‌م چ زنجیره تاقیكردنه‌وه‌یه‌ك. به‌ڵام ئه‌و له تاقیكردنه‌وه‌كان ناترسێت، چونكه مرۆڤێكه نازانێت شڵه‌ژان و په‌له‌په‌ل چییه. له منداڵییه‌وه دوو خه‌سڵه‌ت له كه‌سایه‌تیدا هه‌بووه، مرۆڤێكی شه‌رمن و له‌سه‌ر خۆ و شه‌یدای فه‌لسه‌فه .
پاش ته‌واوكردنی خوێندن له ئاماده‌یی بازرگانیی سلێمانی، له گوندێكی نزیك هه‌ڵه‌بجه (ئاوه‌كه‌ڵه)، ده‌بێته مامۆستا. كاتێ كوردستان جێده‌هێڵێت، هیچ نیشتیمانێك نایگرێته‌وه خۆی، بێجگه له ژن و فه‌لسه‌فه! له پاكستان به هه‌ردوكیان ده‌گات، له ژیانی هاوسه‌ریی دوو منداڵ و له فه‌لسه‌فه‌ش چه‌ندین كتێبی نایاب ده‌خاته‌وه. ئێستا له تاراوگه‌یه.. هه‌رچه‌نده له ڕووی ڕۆشنبیرییه‌وه، سه‌ره‌تای تاراوگه‌بوونی ئه‌و ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ یه‌كه‌مین پرسیار: (ڕاسته‌قینه چییه؟) و بۆ یه‌كه‌مین كتێب كه له هه‌رزه‌كاریدا ده‌یخوێنێته‌وه: (ده‌روازه‌یه‌ك بۆ فه‌لسه‌فه). ئه‌و له‌و پرسیاره و له‌و كتێبه‌وه ده‌بێت به داوی بیركردنه‌وه‌وه. نمونه‌ی ئایدیاڵی سه‌رده‌كه‌مه، چه‌پیانه ده‌بێت، به‌ڵام ئه‌و بوونخوازانه بیر ده‌كاته‌وه، ته‌نانه‌ت دوای سه‌فه‌رێكی دوورودرێژیش به‌ناو فه‌لسه‌فه‌دا، بوونخوازیی هه‌ر تێدا ده‌مێنێت. هه‌رچه‌نده كاتێ بیر له یاخیبوون و خێرایی و مكووڕبوونی دوو له بوونخوازه به‌ناوبانگه‌كانی وه‌ك كیاكه‌گۆردی باوكی بوونخوازان و سارته‌ری ده‌روه‌ستخواز ده‌كه‌مه‌وه، له هێمنیی دكتۆر حه‌مه‌كه‌مال تێناگه‌م و هه‌ستده‌كه‌م ئه‌م هێمنیه جه‌وهه‌ریی بنه‌ڕه‌تیی بیركردنه‌وه‌ی بێت، نه‌ك ئاراسته و قوتابخانه فه‌لسه‌فییه‌كان ..
هیچ فه‌یله‌سووفێكم نه‌بینیوه هێنده‌ی محه‌مه‌د كه‌مال هێمنیی و فه‌لسه‌فه ئاشت بكاته‌وه. ئه‌و له سرووشتی فه‌لسه‌فیی خۆیدا، به‌وێنه‌ی ئیحسان نووری پاشایه له كایه‌ی سیاسی‌دا. هیچ كه‌س هێنده‌ی یه‌كه‌میان نازانێت هێمنی بۆ بیركردنه‌وه و هیچكه‌سیش هێنده‌ی دووه‌مین نه‌یزانیوه عه‌شق له سیاسه‌تدا مانای چی. ئیحسان نوری پاشا به درێژایی یه‌ك ته‌مه‌ن تاقانه سیاسیه‌كی عاشق بوو، كه ئه‌م عه‌شقه‌ی له ژیان، خه‌بات و ئاواره‌یی و مه‌رگیشیدا ڕه‌نگیدایه‌وه. هیچ یه‌كێ له‌م وێستگا و قۆناغانه‌ی ژیانی ئه‌م مرۆیه نیه، كه تیایدا جێده‌ستی عه‌شق نه‌بینرێته‌وه، ته‌نانه‌ت مردنه‌كه‌شی: (به‌یانیه‌ك كاتێ ده‌چێت بۆ كولێره كڕێن، ماتۆڕێكی ساواك لێیده‌دات ).
له كاتێكدا محه‌مه‌د كه‌مال كه‌سایه‌تییه‌كی ئه‌وه‌نده له‌سه‌رخۆی هه‌یه، كه هیچ شوێنێكی فه‌لسه‌فه و به‌رهه‌مه‌كانی نیه، هێمنی باڵی به‌سه‌ردا نه‌كێشا بێت. خوێندنه‌وه‌ی ئه‌م مرۆڤه، پرۆسه و ئه‌زموونێكی نه‌ك هه‌ر زانیاریی و دانایی به‌خشه، به‌ڵكو ئاسووده‌به‌خشیش. بۆیه بڕیارمدا به‌رگیی یه‌كه‌می كتێبی كه‌سایه‌تیه‌كانی ژیانم، به‌بێ محه‌مه‌د كه‌مال تیپه‌ڕ نه‌بێت .
هێمنیی، بۆ مامۆستاكه‌مان، چ هۆكاری بیركردنه‌وه و چ پرۆسه‌ی بیركردنه‌وه و چ به‌رهه‌می بیركردنه‌وه‌یه. هێمنیی، وه‌كئه‌وه‌ی ده‌یناسین دۆخێكی سایكۆلۆژیی، جه‌سته‌یی و هه‌سته‌كیانه‌ی ڕۆح له‌به‌ره. مرۆڤ و ئاژه‌ڵه‌كانیش هێمنی له ژیانیی خۆیاندا به‌رجه‌سته ده‌كه‌ن، چونكه هێمنی جگه له ڕه‌هه‌نده ناخه‌كیی و ده‌روونییه‌كه‌ی، ڕه‌نگدانه‌وه‌ی جه‌سته‌ییشی هه‌یه، ئه‌مه وێڕای ئه‌وه‌ی هێمنی زمانێكیشه كه به ڕسته‌كانی خۆی دێته گۆ، هێمنیی، ده‌ربڕینه له ئاست و شوێنێكی قووڵ له بوونیی ئێمه‌دا. به‌م مانایاش هێمنی، سه‌رچاوه‌یه‌كی له فه‌لسه‌فه‌ی ڕه‌واقیی و ئه‌پیكۆریدا هه‌یه، چونكه په‌یوه‌سته به ئاسووده‌یی مرۆییه‌وه .
هێمنی دۆخێكی ژیانه‌كییه، كاتێ بوونه‌وه‌ر هه‌ست به‌و دۆخه ده‌كات و له به‌هاكه‌ی بۆ ئامانجی ژیان تێده‌گات، كه ئاسووده‌ییه. هێمنی به‌شێكه له ده‌روه‌ستیی مرۆییانه‌ی ئێمه له ئاست ژیان و بوونماندا له‌گه‌ڵ ئه‌وانیتر، چونكه به‌بێ هێمنی ئێمه یان له دۆخی بێ په‌یوه‌ندیداین، یان له دۆخی گرژیی و شه‌ڕدا. له‌به‌ر ئه‌وه هێمنی پێویستییه‌كی بیركردنه‌وه به گشتیی و بیركردنه‌وه‌ی فه‌لسه‌فییه به‌تایبه‌تی .
محه‌مه‌د كه‌مال، یه‌كێكه له‌و مرۆڤه بیركه‌ره‌وانه‌ی، كه ڕووتیكه‌ینه‌وه له هه‌موو سیفات و پێكهاته‌كانی كه‌سایه‌تیی و هه‌ر شتێك كه له‌ژیانیدا به‌ده‌ستی هێناوه، دواجار هێمنی لێده‌مێنێته‌وه، ئه‌و بیركه‌ره‌وه‌یه له دۆخیی سرووشتیی بیركردنه‌وه‌دا: هێمنییه‌كی ده‌ریایی، هێمنی ئێواره‌یه‌كی گه‌ردوونی، هێمنی وه‌ك ڕسته‌یه‌ك بۆ دروستكردنه‌وه‌ی گه‌ردوون له سه‌ره‌تاوه .
به‌م مانایه، ئه‌م پیاوه له دنیای كوردیدا فه‌یله‌سووفێكی ده‌گمه‌ن و ناوازه‌یه، ئه‌و بیركه‌ره‌وه‌یه‌كی ڕاسته‌قینه‌یه كه خۆی له فه‌یله‌سووفه پسپۆڕه‌كان، یان فه‌یله‌سووفانی ئه‌كادیمی جیا ده‌كاته‌وه، ئه‌و فه‌یله‌سووفێكی ئه‌كادیمیی ڕاسته‌قینه‌یه .
فه‌یله‌سووفێكی ئه‌كادیمی كه‌سێكه پسپۆڕییه‌كی ئه‌كادیمی هه‌یه له بواری فه‌لسه‌فه‌دا و ڕه‌نگه به‌شێوه‌یه‌كی پڕۆفێشناڵ له بواری فه‌لسه‌دا كار بكات و مووچه وه‌ربگرێت و سه‌رپه‌رشتیی توێژینه‌وه و تاقیكردنه‌وه‌ی قوتابیه‌كانی بكات. هه‌رچه‌نده زۆرینه‌ی فه‌یله‌سووفه ئه‌كادیمیه‌كان هه‌ڵگری ناونیشانی فه‌یله‌سووفن، به‌ڵام ئه‌وان بۆ خۆ جیاكردنه‌وه‌یان له مانای فه‌لسه‌فه له ناوه‌ڕۆكه ڕۆژانه‌یی و باوه‌كه‌ی، هه‌ر خۆیان به فه‌یله‌سووفی ئه‌كادیمی ناونووس ده‌كه‌ن. به‌تایبه‌تیش كاتێك خۆیان له‌به‌رده‌م كه‌سانێكدا ده‌بیننه‌وه، كه له‌بواری فه‌لسه‌فه‌دا كار ده‌كه‌ن، به‌بی ئه‌وه‌ی پسپۆڕیی فه‌لسه‌فه‌یان هه‌بێت .
حه‌مه كه‌مال به‌م مانایه فه‌یله‌سووف نیه. به‌م مانایه‌ش پسپۆڕیی فه‌لسه‌فه نیه. ئه‌و فه‌یله‌سووفێكی ڕاسته‌قینه و ئه‌كادیمییه‌كی فه‌یله‌سووفه، به‌بێ ئه‌وه‌ی فه‌یله‌سووفبوونه‌كه‌ی بكاته قوربانیی ئه‌كادیمیبوونه‌كه‌ی و به‌بێ ئه‌وه‌ی ئه‌كادیمیبوونه‌كه‌ی وه‌ك گورزێك له‌وانه بوه‌شێنێ كه له پله‌ی ئه‌كادیمیی ئه‌ودا نین، یان هه‌ر ئه‌كادیمیی نین. هه‌ر بۆیه‌شه من ئه‌و به فه‌یله‌سووفێكی ڕاسته‌قینه، یان فه‌یله‌سووفێكی ڕاسته‌قینه‌ی ئه‌كادیمی ناو ده‌به‌م. ئه‌گه‌رچی ئه‌و هه‌رگیز ئه‌م ناونانه‌ی پێخۆش نیه، چونكه خۆی به فه‌یله‌سووف نازانێت ..
ئه‌م پیاوه وه‌ك فه‌یله‌سووف كێیه؟ كه‌سێ كه به شێوه‌یه‌كی ڕاسته‌قینه فه‌یله‌سووفه كێیه؟
فه‌یله‌سووفێكی وه‌ها كه‌سێكه بیری ئێمه به‌ره‌و تێگه‌یشتن له بیركه‌ره‌وه مه‌زنه‌كان ئاراسته و ڕابه‌رایه‌تیی ده‌كات. بیرمه‌ند و فه‌یله‌سووفه گه‌وره‌كانی وه‌ك ئه‌فلاتوون، ئه‌ریستۆتالیس، دیكارت. هیوم، كانت، نیتشه، هایده‌گه‌ر و سارته‌ر و زۆری تریش، كه ئارگیۆمه‌نت و تیۆرییه‌كانیان بۆخۆیان و له خۆیاندا پێگه‌ی تایبه‌تیان هه‌یه و بیروباوه‌ڕه‌كانیشیان بۆته به‌شێك له كه‌سایه‌تی و ناخی فه‌یله‌سووفه‌كه‌مان .
مامۆستا حه‌مه كه‌مال به‌و مانایه فه‌یله‌سووفێكی ڕاسته‌قینه‌یه، چونكه فه‌لسه‌فه مه‌سره‌ف ناكات له پێناوی شتێكی تردا، به‌ڵكو فه‌لسه‌فیانه بیر ده‌كاته‌وه و فه‌لسه‌فیانه‌ش ده‌ژی. ئه‌و فه‌یله‌سووفێكی راسته‌قینه‌یه، چونكه ترس و ڕێز و خۆشه‌ویستیی هه‌یه له ئاست ئه‌و ده‌ق و تیۆریی و كتێبانه‌ی له گه‌شته‌كه‌یدا پێیان ئاشنا بووه و سنوور بۆ حه‌ز و مه‌یل و ئاره‌زووه‌كانی داده‌نێن و له بیركردنه‌وه‌شدا ئازادی ده‌كه‌ن. له هه‌ڵوێسته‌كانیدا سامێك له فه‌لسه‌فه ده‌بینیته‌وه، له زمانی‌دا ترس له ڕێكخستنی ڕسته‌كان و له كتێبه‌كانیدا، سه‌دان كتێبی تر.. ئێمه چاوه‌ڕوانیمان له فه‌یله‌سووفی ڕاسته‌قینه ئه‌وه‌یه، كه دانا بێت، بیركه‌ره‌وه بێت، بیرتێژ بێت، له یه‌ك كاتدا زانیارییه‌كی زۆری هه‌بێت و له هه‌مان كاتیش‌دا خاوه‌ن سرووت و په‌یامی خۆی به‌بێ ئه‌وه‌ی بیركردنه‌وه وه‌ك گرێیه‌ك، یان ئاڵۆزییه‌ك بخاته ڕوو.. من كه به‌رهه‌مه‌كانی ئه‌م مامۆستایه ده‌خوێنمه‌وه، به‌خۆم ده‌ڵێم: ئای چه‌نده ئاسانه تێگه‌یشتن !
جگه له‌مانه‌ش، زۆرینه‌مان ئه‌و چاوه‌ڕوانییه‌مان له فه‌یله‌سووفی راسته‌قینه هه‌یه، كه خاوه‌نی كه‌سایه‌تییه‌كی تایبه‌ت بێت، وه‌ك خاوه‌نی توانایی بۆ تێگه‌یشتن له كه‌سانیتر و خۆدانان له شوێنی ئه‌وان و بیركردنه‌وه له‌گه‌ڵیاندا. هه‌روه‌ها فه‌یله‌سووفی ڕاسته‌قینه كه‌سێكی پاكژ و زاهید و ده‌ستگیرۆییكه‌ره و حه‌ز ده‌كات یارمه‌تیی ئه‌وانیتر بدات بۆ گه‌یشتن به ئاماجه‌كانیان له تێگه‌یشتن و داناییدا، ئه‌گه‌ر ڕێگاكانی عه‌وداڵبوون به‌دوای داناییدا ته‌ی بكه‌ن. وێڕای ئه‌مانه فه‌یله‌سووفی ڕاسته‌قینه كه‌سێكه له ڕووی ئه‌خلاقییه‌وه، خاوه‌ن ڕه‌فتاری به‌رز، وریا و هه‌میشه عاشقی دانایی. له ڕاستیدا ئه‌م كه‌سه له خۆیدا ئارام و ئاسووده، هاوبه‌ش نیه له دروستكردنی كێشه‌كانی جیهاندا و بیرده‌كاته‌وه له‌و ژیانه‌ی ده‌ژی و ده‌ژیی به‌وجۆره‌ی بیر ده‌كاته‌وه، به‌ڵام (مه‌حوی) گوته‌نی: ئه‌و خه‌می خۆی و غه‌می هه‌موو عاله‌م ده‌خوات ..
ئه‌م چاوه‌ڕوانیه به‌رزانه له فه‌یله‌سووف، زۆر پێشتر له كتێبی (كۆمار، به‌شی شه‌شه‌م)دا، خراونه‌ته ڕوو: زیره‌ك، ئازا، فێركار، دڵفراوان، هاوڕێی باش، خۆشه‌ویست، ئارام و به سه‌بر، دادوه‌ر و خاوه‌نی چه‌شه و یادوه‌رییه‌كی باش.. هه‌رچه‌نده ئه‌م قسانه زیاتر له دوو هه‌زار ساڵه نووسراون، به‌ڵام وه‌ك سه‌رمه‌شقێكیان لێهاتووه بۆ ناسینه‌وه‌ی فه‌یله‌سووف و هیچ به‌های خۆیان نه‌دۆڕاندووه، ئه‌گه‌رچی زه‌حمه‌ته هه‌مووكه‌س بتوانێ وه‌دییان بهێنێ ..
لێره‌دا ده‌مه‌وێ ئه‌وه‌ش ڕوونبكه‌مه‌وه، كه هیچ دژوازییه‌كی پێویست له نێوان فه‌یله‌سوفی ئه‌كادیمیی و فه‌یله‌سووفی راسته‌قینه‌دا نیه. ئه‌م جیاكردنه‌وه‌یه پێمان ناڵێت، كه فه‌یله‌سووفی ئه‌كادێمی خراپه، یان ساخته‌یه و فه‌یله‌سووفێكی به‌دكار و درۆزنه. فه‌یله‌سووفی ئه‌كادیمی به‌شێكی گرنگه له پانتایی و دیمه‌نی ئه‌كادیمی و ده‌توانێ ئه‌و بابه‌تانه چاره‌سه‌ر بكات، كه گرنگییه‌كی تایبه‌تیان هه‌یه بۆ خێزان و كۆمه‌ڵگا و تاكه مرۆڤ .
فه‌یله‌سووفه ئه‌كادیمیه‌كان له بواری تێوریی و به‌ڵگه‌ھێنانه‌وه و شرۆڤه‌كردن، پێناسه‌كردن، ڕێكخستن و ڕاڤه‌كردنی بابه‌تیی گراندا پڕۆڤه ده‌كه‌ن و ئه‌مه‌ش بڕێك حه‌ز و توانا و كارێكی زۆریشی ده‌وێت تا بتوانن له كایه‌ی فه‌لسه‌فه‌ی ئه‌كادیمیدا جێگیریی بكه‌ن و به‌هۆیه‌وه پله‌ی زانسیی خۆیان و به‌شه‌كه‌یان و بواره‌كه‌یان ببه‌نه پێش ..
وه‌لێ فه‌یله‌سووفی راسته‌قینه، هه‌رچه‌نده پێویسته ڕه‌هه‌ند و ڕێنمایی و ڕیسا پسپۆڕییه‌كان بزانێت و به كارامه‌ییه‌وه سودیان لێوه‌ر بگرێت، به‌ڵام وێرای ئه‌وانه‌ش پێویسته چه‌ندین خه‌سڵه‌تیی خودیی خۆڕسك و ڕۆشنبیریی تێدا بێت، كه هه‌رگیز له ڕێگه‌ی خوێندنی ئه‌كادیمیی و پسپۆڕییه‌وه به‌ده‌ست نایه‌ن .
هه‌رچه‌نده ئه‌و فه‌یله‌سووفه ئه‌كادیمییانه‌ی من بینیومن و ناسیومن، فه‌لسه‌فه‌یان خۆشده‌وێ و له چه‌ند بوارێكیشدا تیایدا شاره‌زان، به‌ڵام ده‌كرا ببنه هه‌ر شتێكی تر له جیاتیی بوونه فه‌یله‌سووف. هه‌ندێك له‌وانه ده‌یانتوانی ببنه پسپۆڕیی فیزیا، یان دادوه‌ر، مۆزیكار، وتاربێژ، یان كه‌شتی دروستكه‌ر، یاخود پزیشك ..
حه‌مه كه‌مال، یه‌كێك له‌و ده‌گمه‌نانه‌یه، كه ناتوانم بزانم جگه له فه‌یله‌سووف، ده‌كرا ببوایه‌ته چ شتێكتر.. به‌ڕاستیی ئه‌و فه‌یله‌سووفێكی ڕاسته‌قینه‌یه، چ ئه‌و كاته‌ی له ناوه‌وه ته‌عبیر له بیروڕای فه‌یله‌سووفه‌كانیتر ده‌كات و چ ئه‌وكاته‌ش ناخی خۆی له به‌رهه‌مه‌كانیدا به‌شێوازێكی فه‌لسه‌فیانه ده‌رده‌بڕێ ..
ئه‌و له مانگ ده‌چێت، هه‌م ده‌توانی ته‌ماشای بكه‌یت و هه‌م له به‌ر ڕووناكاییه‌كه‌یدا شته‌كانیتر ببینیت..
|