دژی بڕیارەکەی ئەردۆغان بۆ کشانەوە لە پەیماننامەی پاراستنی ژنان خۆپیشاندان بەڕێوەچوو

21/03/2021
فۆتۆ: 

دژی بڕیارەکەی رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکی تورکیا بۆ کشانەوە لە یەکەم پەیماننامەی جیهانی، "پاراستنی ژنان لە توندوتیژی" خۆپیشاندان بەڕێوەچوو.

ئاژانسەکانی هەواڵ بڵاویانکردەوە، ئەمڕۆ یەکشەممە ٢١ی٣ی٢٠٢١، خۆپیشاندانی بەرفراوان لە ئەستەنبوڵ و زۆربەی شارەکانی تورکیا بەڕێوەچووە، دژی بڕیارەکەی رەجەب تەیب ئەردۆغان بۆ کشانەوەی تورکیا لە یەکەم پەیماننامەی جیهانی، "پاراستنی ژنان لە توندوتیژی".

ئاماژەیان بەوەشکردووە، خۆپیشاندەران داوایانکردووە، حکومەتی تورکیا یاسایەک دابنێت بۆ رێگەگرتن لەو توندوتیژی و دەستدرێژییانەی کە دەکرێتەسەر کچ و ژنانی ئەو وڵاتە.

پەیماننامەی جیهانیی ئەستەنبوڵ بۆ "پاراستنی ژنان لە توندوتیژی" ساڵی ٢٠١١ لە نێوان ٤٥ وڵات و یەکێتی ئەوروپادا ئیمزاکرا و بەیەکەم پەیماننامەی جیهانیی لەو بوارەدا لە قەڵەم دەدرێت.

چەند رۆژ پێش ئێستا رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکی تورکیا بە بڕیارێک کشانەوەی وڵاتەکەی لە پەیماننامەکە راگەیاند، ئەوەش کاردانەوەی وڵاتان و یەکێتی ئەوروپای لێکەوتەوە.

یەکێتی ئەوروپا لە بەیاننامەیەکدا ئێدانەی ئەو بڕیارەی ئەردۆغانی کرد و رایگەیاند، بڕیارکە گەڕانەوەیە بۆ رابردوو و دواکەوتوویی لە پاراستنی ئافرەتان لە ناوەوە و دەرەوەی تورکیا.