پۆلیسی سلێمانی: سێ کەس بە تۆمەتی دزیکردن دەستگیر کران

21/03/2021
فۆتۆ: 

پۆلیسی سلێمانی بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ مەفرەزەکانی بەشی پۆلسسی فریاکەوتن ٣ تۆمەتباریان دەستگیر کردووە، کە ویستوویانە دزی لە ماڵان بکەن.

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی سلێمانی لە لاپەرەی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک بڵاویکردەوە، مەفرەزەكانی بەشی پۆلیسی فریاكەوتنی سلێمانی زانیارییان پێگەیشت، لەگەڕەكی چوارباخ لەشاری سلێمانی دوو تۆمەتبار بەنیازن بچنە ناو ماڵێكەوە و دزییان لێبكەن دەستەبەجێ‌ مەفرەزەكان گەیشتنە شوێنی مەبەست و دوای هەڵهاتنیان توانرا لە كەمترین ماوەدا هەردوو تۆمەتبارەكە دەستگیربكرێن و دەستیش بگیرێت بەسەر ئەو ئۆتۆمبێلەدا كە بە تۆمەتباران بووە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، لەڕوداوێكی تردا لەگەڕەكی ڕاپەڕینی شاری سلێمانی تۆمەتبارێك لەناو ماڵێكدا لەكاتی دزیكردنەكەیدا دەستگیركرا .

تۆمەتبارەکان كوردن و دانیشتوی شاری سلێمانین و لە ئێساشدا بەبڕیاری دادوەر ڕاگیراون و لێكۆڵینەوە لەگەڵیان بەردەوامە.

 ئەمرۆ بەهۆی جەژنی نەورۆزەوە هاوڵاتیان ماڵەکانیان بۆ بەسەرکردنی کاتێکی خۆش چوونە دەرەوە، بۆ دوورخستنەوەی مەترسی دزیکردن لە ماڵان پۆلیسی سلێمانی مەفرەزەکانی خۆی لە کۆڵان و گەڕەکانی شاری سلێمانی بڵاوە پێکرد.