ئەو کەسانەی داوای مافی پەنابەرێتیان کردووە دەگوێزرێنەوە بۆ خانووی وێران

22/03/2021
فۆتۆ: 

ڕۆژنامەی (ئیندی پێندنت)ی بەریتانی ئاشکرایکردووە، حکومەت پلانی هەیە بۆ گواستنەوەی هەزاران کەس لەوانەی کە داوای مافی پەنابەرێتیان کردووە، بۆ ئەو خانوو ئوتێلانەی کە زۆر خراپ و بێخزمەتن، بێ ئەوەی هیچ کۆمەکێکی داراییان پێ بکات، ڕۆژنامە دۆخی خراپی یەکێک لە خێزانە کوردەکانی لەندەنی گواستووەتەوە.

ڕۆژنامەکە لە زاری کۆمەڵە و گروپە خێرخوازییەکانی بەریتانیاوە بڵاویکردەوە، ژنانی دوو گیان و منداڵان تەنها چەند کاتژمێرێک بەر لە گواستنەوەیان ئاگادار کراونەتەوە.

پلانەکەش لە سەرانسەری وڵاتدا جێبەجی دەکرێت، کەس و خێزانەکان لە خانووی زۆر پیس و شێدار و بۆگەندا جێدەهێڵرێن و ناچار دەکرێت چەند هەفتەیەک چاوەڕوان بکەن، تا دەستدەکرێت بە دابەشکردنی ئەو کۆمەکەی کە هەفتانە حکومەت پێشکەشیان دەکات.

ڕۆژنامەکە دۆخی ئەو کەسانەی بە لاواز و بێدەسەڵات ناوبردووە و وەزارەتی ناوخۆیی بەریتانیا، لە مانگی ڕابردوودا ٩٥٠٠ کەسی لەوانەی داوای مافی پەنابەرێتیان کردووە لە ئوتێلەکانەوە گواستووەتەوە بۆ شوێنی دیکە.

دامەزراوە و کۆمەڵە خێرخوازییەکان پرۆسەکەی حکومەتیان بە کارێکی (شەرمهێنەر) ناوبردووە، هۆشداریشی داوە لەوەی ئەو کۆمپانیایانەی کە گرێبەستیان لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆیی بەریتانیا کردووە بۆ گواستنەوەی ئەو کەسانە، هەندێک جار لە ماوەی چەند هەفتەیەکدا کەسەکان بۆ چەند ناوچەیەکی جیاواز دەگوێزنەوە، بێ ئەوەی هیچ پشکنینێکی کۆرۆنایان بۆبکرێت، کە ئەوەش کاریگەرییەکی خراپی هەیە لەسەر دۆخی تەندروستی گشتی وڵاتەکە.

ڕۆژنامەکە لە زاری یەکێک لەو خێزانە کوردانەوە کە گوێزراونەتەوە بڵاویکردەوە، ئەوان ماوەی پێنج مانگ بووە لە ئوتێلێکی شاری لەندەندا نیشتەجێ ببوون، بەڵام لە کاتژمێر هەشتی ئێوارە ئاگادار کراونەتەوە و بەیانی کاتژمێر هەشتی ڕۆژی داهاتوو گوێزراونەتەوە بۆ ئوتۆێلێکی دیکەی شاری برمنگەهام، پاشان پشوویان نەداوە و دووبارە گوێزراونەتەوە بۆ خانوویەکی خراپ و بێخزمەت و وێران لە شاری (ئپسویچ).

ئەوخێزانە کوردە لە سێ کەس پێکهاتوون، باوکەکە دەڵێت "هاوسەرەکەم دووگیانە و خاوەنی کوڕێکی تەمەن ٧ ساڵانیشین و لە قوتابخانەیەکی لەندەن دەخوێنێت، کورەکە زۆر دڵگرانە بەم دۆخە، بە تایبەت کە ناچار واز لە خوێندن بهێنێت، زۆر هەوڵماندا خانوویەکی گونجاومان دەستکەوێت، بەڵام نەبوو بۆیە زۆر نیگەرانین".

ئەو خێزانە کوردە ئاماژە بەوەش دەکەن، یەکەم شت کە سەرنجیان داوە لەو خانووەی کە گوێزراونەتەوە بۆ ناوی، بۆنی ناخۆشی بووە، دیوارەکانی درزیان بردووە و هیچ خزمەتگوزارییەکی تیا نییە و سیستمی گەرمکردنەوەکەشی تێکچووە.

وەک خۆی بۆ ڕۆژنامە بەریتانیایەکەی ئاشکرا کردووە، کاتێک ماڵەکەیان بەو شێوەیە دیووە پەیوەندیی کردووە بە یەکێک لەو کۆمپانیایانەی کە وەزارەتی ناوخۆیی بەریتانیا گرێبەستی لەگەڵ کردوون بۆ گواستنەوە، دوای هەفتەیەک کەسێک هاتووە چەند کێشەیەکی خانووەکەی چارەسەر کردوو، بەڵام پێی وتوون کێشەکانی ٢٥ ڕۆژی دەوێت تا بە تەواوی چارەسەر دەبن، تا ئێستاش کەس بە دەنگاینەوە نەهاتووە.

لە کۆتایی ڕاپۆرتەکەدا ڕۆژنامەکە لە زاری ئەو کەسانەوە نووسیویەتی، گەورەترین کێشەیان ئەوە لە ماوەیەکی زۆر کەمدا بڕیاری گواستنەوەکەیان جێبەجێ دەکرێت، ئەوەش کاریگەریی کردووەتە سەر خوێندن و چالاکییەکانیان، یەکێک لەو دامەزراوانەی کە هاوکاری ئەو خێزان و کەسانە دەکان ئاماژەی بەوەکردووە، کۆمەکی هەفتانەی حکومەت بۆ ئەو کەسانە لە هەفتەیەکدا بۆ هەر کەسێک ٥٥ دۆلاری ئەمریکییە، بۆیە زۆرجار بەهۆی دواکەوتنیەوە کەسەکان ناچار دەبن روو بکەنە ئەو شوێنانەی کە خواردن بۆ خێز دابەش دەکەن.