هاوشێوەی کوردستان بەرەی جود لە سوریا دروستدەکرێت

22/03/2021
فۆتۆ: 

دوای ٩ ساڵ و بۆ یەکەمجار ژمارەیەک لە هێزە سیاسییەکانی ئۆپۆزسیۆنی سوریا، کۆنگرەیەک لە دیمەشقی پایتەختی سوریا ساز دەکەن، بە مەبەستی دامەزراندنی بەرەی نیشتیمانی دیموکراسی (جود) کە پێشتریش ئەو بەرەیە لە هەرێمی کوردستانی عیراق لە ساڵی هەشتکانی سەدەی ڕابردوودا هەبووە .

دوای ٩ ساڵ و بۆ یەکەمجار ژمارەیەک لە هێزە سیاسییەکانی ئۆپۆزسیۆنی سوریا، کۆنگرەیەک لە دیمەشقی پایتەختی سوریا ساز دەکەن، بە مەبەستی دامەزراندنی بەرەی نیشتیمانی دیموکراسی (جود) کە پێشتریش ئەو بەرەیە لە هەرێمی کوردستان هەبووە .

کۆنگرەکە ڕۆژی ٢٧ی ئەم مانگە بەڕێوە دەچێت، لەو بارەیەوە ئەحمەد عەسراوی ئەمینداری پارتی یەکێتی سۆسیالیستی عەرەبی دیموکراسی بە (ڕوسیا تودەی) ڕاگەیاندووە، کۆنگرەی دامەزراندنی بەرەی نیشتیمانی دیموکراسی – جود، گردبوونەوەیەکە ژمارەیەک لە هێزە دیموکراتیە ئۆپۆزسیۆنەکان لەخۆ دەگرێت، کە هەر لە سەرەتاوە گفتوگۆی بە چارەسەر زانیوە بۆ گۆڕانکاری نیشتیمانی دیموکراتی و دۆخی ڕاگوزەری سیاسی.

سەبارەت بەو هێزانەش کە بەشداری کۆنگرەکە دەکەن، عەسراوی ئاماژەی بەوەکرد، هیزەکانی دەستەی هەماهەنگی نیشتیمانی بە تەواوی بەشدارن، لەگەڵ کۆمەڵیک لە هێزە سیاسییەکانی دیکەی ناو گۆڕەپانی سوریا، کە ژمارەیان لە ١٠ هێزی سیاسی کەمتر نییە.

ئەوە سەرەڕای بەشداری هێزەکانی دەستەی هەماهەنگی نیشتیمانی و هەندێک کەسایەتی نیشتیمانی ئۆپۆزسیۆنی سەربەخۆ، جگە لە هەندێک هێز و کەسایەتی کە لە دەرەوەی سوریا دادەنیشین، بەڵام پشیتوانی چارەسەری سیاسی دەکەن لە ناوخۆیی وڵاتەکەدا.

سەبارەت بە بایەخی کۆنگرەکە عەسراوی ئاماژەی بەوەکرد، توانیویانە لە ناوخۆی سوریا کۆنگرەکە ئەنجام بدەن، کە لە ٧٥%ی هۆکاری سەرکەوتنەکەی دەدات بە دەستەوە، کە دیارە ئەو هەنگاوەش بەرپرسیارێتی لەسەرە.

سەبارەت بە پەیوەندی کۆنگرەی جود بە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی سوریاوە، کە بڕیارە لە ناوەڕاستی مانگی داهاتوودا بەڕێوە بچێت و لە ئێستاوە ئامادەکاری بۆ کراوە، عەسراوی ئاماژەی بەوەکرد، لەڕاستیدا هیچ پەیوەندییەکیان بە یەکترییەوە نییە، ئەوان چەند ساڵێکە ئامادەکاری دەکەن بۆ ئەو کۆنگرەیە نەک چەند مانگێک، دۆخی دەوروبەری سوریاش یارمەتیدەر نییە بۆ کارێکی لەو جۆرە، بەڵام ئەوان لەبەردەم پرۆژەیەکی نیشتیمانیدان، تا ئێستاش کار دەکەن لەسەر سەرخستنی کۆنگرەکە، بەڵام هێشتا مەترسی ئەوە هەیە کە دۆخێکی کتوپڕ بێتە پێشەوە و ڕێگری بکات لە سازکردنی کۆنگرەیەکی لەوجۆرە.

عەسراوی ئاماژەی بەوەشکرد، ئامانج لە سازکردنی ئەو کۆنگرەیە کە هێزە سیاسییەکان کاری بۆ دەکەن، کارکردنە لەسەر کردنەوەی ئاسۆیەکی نوێ لە کاری سیاسی  و چارەسەری سیاسی لەڕێگەی گفتوگۆوە لە سوریا، نابێت کەس چاوەڕوانی ئەوەش لە کۆنگرەکە بکات کە بە کۆمەڵێک چارەسەرەوە دێتە دەرەوە، کە ڕژێمی ئەو وڵاتە قبوڵیان بکات کە خۆی پێشنیازی کردوون.

لەو ڕوەوە جەختیکردەوە، هەڵوێستی دەستەی هەماهەنگی نیشتیمانی بەهیزترین هەڵوێستە کە ڕووبەڕووی ڕژێم بووەتەوە.

سەبارەت بەوەی کە ئایا هیچ دڵنییایەک دراوە لە لایەن دەسەڵاتدارانی سوریاوە، بە تایبەت دەنگۆی ئەوە هەیە کە نوێنەرانی هەردوو سەکۆی مۆسکۆ و قاهیرە ئامادەی کۆنگرەکە دەبن، عەسراوی وتی "لە هیچ لایەکەوە دڵنییان پێ نەدراوە، ئەگەر نوێنەرانی مۆسکۆ و قاهیرەش ئامادە بن، وەک میوان ئامادە دەبن، نەک وەک هاوبەشی کۆنگرەکە".

ئەوەی جێی ئاماژەیە لە ماوەی ١٠ ساڵی ڕاردوودا زانیاری و دەنگۆی ئامادەکاری هەبووە بۆ کۆنگرەی هێزە ئۆپۆزسیۆنەکانی سوریا لە دیمەشق، بەڵام لە ماوەی چەند ساڵی قەیران و جەنگی ناوخۆیی سوریادا، هێشتا ئەو دەنگۆیانە نەبوونەتە راستی.

لە ساڵی ٢٠١٢دا سوریا هیچ کۆنگرەیەکی بەخۆیەوە نەدیووە، کە هێزە ئۆپۆزسیۆنەکان تیا ئامادە بن، لە ساڵی ٢٠١١ دەستەی هەماهەنگی نیشتیمانی بۆ هێزەکانی گۆڕانکاری دیموکراتی پێکهێنرا، هەروەها گەورەترین ڕێکخاروی هێزە ئۆپۆزسیۆنەکان لە ناوەوە دروستکرا، بەیاننامەی دامەزراندنەکە هەر لەو ساڵەدا بوو، کە ژمارەیەک لە حزبی سیاسی ناوخۆیی سوریای لەخۆی دەگرت، لەناویشیاندا پینج حزبەکەی گردبوونەوەی دیموکراسی، کە یەکێتی سۆسیالیستی عەرەبی دیموکراسی لە دیارترینیان بووە.

جێی وەبیرهێناوەیە لە ساڵی ١٩٨٠ سەدەی ڕابردوودا بەرەیەک لە نێوان ژمارەیەک لە لایەن سیاسییەکانی هەرێمی کوردستانی عێراقیش دروست بوو بە ناوی (بەرەی نیشتیمانی دیموکراسی عێراق – جود)   کە پێک هاتبوو لە (پارتی دیموکراتی کوردستان- عێراق، حزبی سۆسیالستی کوردستان، حزبی شیوعی، پارتی سۆسیالستی کورد-پاسۆك)، لەم بەرەیەشدا پارتی باڵادەست بوو.

لە بەرامبەرشدا بەرەی نیشتیمانی ‌و نەتەوەیی دیموكراسی عێراق – جوقد، پێکهێنرابوو، کەپێک هاتبوون لەهەریەكە لە یەكێتی نیشتیمانی کوردستان ‌و  حیزبی سۆسیالستی كوردستان- حیسك‌ و هەرێمی سەركردایەتی حیزبی بەعس ‌و بزوتنەوەی سۆسیالستی عەرەبی‌ و حیزبی شیوعی عێراقی ، لە بەرەی جوقد-دا، یەکێتی نیشتیمانی کوردستان باڵادەست بوو.