لیرەی تورکی دابەزینی زیاتری بەخۆیەوە بینی

22/03/2021
فۆتۆ: 

بەهۆی هەرەسهێنانی زیاتری لیرەی تورکییەوە بازاڕی ئاڵۆگۆڕکردنی دراوی تورکیا کارەکانی بۆ ماوەیەک راگرت.

دوای بڕیارەکەی رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا، بە لابردنی پارێزگاری بانکی ناوەندیی وڵاتەکەی، لیرەی تورکیا لەبەرامبەر  سەرجەم دراوە بیانییەکاندا دابەزینی زیاتری بەخۆیەوە بینی، بەشێوەیەک ناچار بازاڕی ئاڵۆگۆڕ و مامەڵە داراییەکانی تورکیا بۆ ماوەیەک داخراوە چالاکییەکانی خۆی ڕاگرت.

بە گوێرەی سەرچاوە هەواڵییەکان نیشاندرەی سەرەکی بە ڕێژەی لە زیاتر لە ٦%ی دابەزینی بەخۆیەوە بینی، دوای ئەوەی لیرەی تورکی دابەزینی دیکەی تۆمار کرد.

ئەمڕۆ لە کاتی کردنەوەی بازاڕدا ٨.٤٧ لیرەی تورکی یەکسان بووە بە دۆلارێکی ئەمریکی ،گ لە  کاتێکدا هەفتەی ڕابردوو ٧.٢٢ لیرە بەرامبەر بووە بە دۆلارێک.

بەڵام دابەزینەکە لە بەرامبەر یۆرۆدا زیاتر بووە و هەر یۆریۆک یەکسان بووە بە ٩.٦٠ لیرە.

 لەدوای مانگی تشرینی دووەمی ساڵی رابردووەوە کە هەر دۆلارێک یەکسان بووە بە ٨.٥٨ لیرە، ئەمە گەورەترین دابەزینە کە لیرەی تۆرکی بەخۆیەوە دەیبینێت.

ئەو دابەزینە کتوپڕەی ئەمڕۆی بەهای لیرەی تورکیا لە کاتێکدایە، تەنها چوار مانگە پارێزگاری بانکی ناوەندیی تورکیا بە بڕیاری ئەردۆغان گۆڕاوە، کە لە ناو ناوەندەکانی حکومەتدا پێگەیەکی بەهێزی هەبووە.

سیاسییەکانی تورکیا پێیان وایە سیاسەتەکانی رەجەب تەیب ئەرۆدغان بە تایبەت دەستوەردانەکانی لە وڵاتان و کۆنترۆڵکردنی سەرجەم جومگە سەرەکییەکانی دەوڵەت، بە خراپ شکاوەتەوە بەسەر ئابوری تورکیادا و ماوەی چەند ساڵێکە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ لیرەی تورکی بەهای خۆی لەدەست دەدات.