یونسکۆ: جیهان لە ساڵی 2030 ڕووبەڕووی کەمی ئاو دەبێتەوە

22/03/2021
فۆتۆ: 

ڕێکخراوی یونسکۆی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان، داوای لە وڵاتانی جیهان کرد هەوڵی زیاتر بدەن لە پێناو پارێزگاریکردن لە سەرچاوەکانی ئاو و پێداچوونەوە بکەن بە هەڵسەنگاندنەکانیاندا لەو بوارەدا.

لە ڕاپۆرتێکدا کە لە لایەن ڕێکخراوەکەوە ئامادە کراوە، بە بۆنەی ساڵیادی ڕۆژی جیهانی سەرچاوەکانی ئاوەوە، باسی لە بایەخی ئەو مادە سەرەکییەی ژیان کردووە.

ئاودری ئاوزلی بەڕێوەبەری گشتی رێکخراوی یونسکۆ لە ڕاپۆرتەکەدا ڕایگەیاندووە، ئاو بەو پێیەی بە (زێڕی شین) ناسراوە، بە بەهاترین سەرچاوە دادەنرێت لەسەر زەوی و کە ناتوانرێت وەک پێویست بۆ نزیکەی دوو ملیار کەس بەردەست ببێت.

ئاماژەی بەوەشکردووە، ئاو نەک تەنها سەرچاوەیەکی سەرەکییەوە بۆ مانەوە لە ژیاندا، بەڵکو ڕۆڵێکی گرنگی تەندروستی و کۆمەڵایەتی و کلتوری گرنگیشی هەیە لە کۆمەڵگەکانی مرۆڤایەتیدا.

ڕاپۆرتەکە کە لە ٢٠٠ هەزار لاپەڕە پێکهاتووە، ئاماژە بەوە دەکات نابێت ئاو بەگوێرەی نرخی فرۆشتنەکەی لە بازاڕدا مامەڵەی لەگەڵ بکرێت، بەڵکو لە ڕوانگەی ئەو سودانەوە سەیر بکرێت کە هەیەتی.

ڕاپۆرتەکە دانی بەوەشدا ناوە هیچ نموونەیەک نییە کە هەموان لەسەر ڕێککەوتبن و ڕێگا بدات بە هەڵسەنگاندێکی بابەتیانە بۆ ئاو.

بە گوێرەی ڕاپۆرتەکە کە لە چەند سەرچاوەیەکی سەربەخۆوە وەریگرتووە، ئاماژە بەوە دەکات جیهان لە ساڵی ٢٠٣٠دا رووبەڕووی کەمبوونەوەیەکی زۆری ئاو دەبێتەوە بە ڕێژەی لە ٤٠%، کێشەکە ئەو کاتە  قورس دەبێت، کاتێک نەخۆش و پەتای زیاتر بڵاو دەبنەوە.

لە کۆتایی ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، ئاسانە پێوەری بەهای ئاوبکرێت، کاتێک لە کشتوکاڵ و پیشەسازیدا بەکاردەهێنرێت، بەڵام بەهاکەی چۆن دەخەمڵێنرێت کاتێک  بەراورد بکرێت بە ٤٤٣ ملیۆن ڕۆژ کە قوتابی ناتوانێت بچن بۆ قوتابخانە، بەهۆی ئەو نەخۆشییانەی پەیوەندیان بە کەمی ئاو یان خراپی سەرچاوەکەیەوە هەیە.