شارەزایەکی ئابوری هۆکاری دابەزینی نرخی دۆلار ئاشکرا دەکات

23/03/2021
فۆتۆ: 

ئێوارەی ئەمڕۆ بەهای دۆلاری ئەمریکی بەرامبەر دیناری عێراقی بەشێوەیەکی بەرچاو دابەزی و شارەزایەکی ئابوریش، هۆکارەکەی بۆ لێدوانی بەرپرسان و خستنەبازاڕی دۆلار دەگەڕێنێتەوە.

لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ تۆڕی هەواڵی ژیان جەبار گۆران شارەزای ئابوری و وتەبێژی بازاڕی دۆلارەکەی سلێمانی رایگەیاند، ماوەی چەند ڕۆژێکە بەهای دۆلار ئەمریکی بەرامبەر دیناری عێراقی بەرز و نزمی زۆر دەکات و ناجێگیرە.

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەمڕۆ بەهای هەر دۆلارێکی ئەمریکی لە عێراق بۆ ماوەیەکی کاتی تاوەکو نزیکەی ١٤٤٢ دینار دابەزیوە بەڵام ئێستا کەمێک بەرزبووەتەوە.

وتیشی، هۆکاری ناجێگیربوونی بەهای دۆلاری ئەمریکی لە چەند رۆژی رابردوودا بۆ لێدوانی هەندێک لە بەرپرسانی عێراق و ناکۆکییە سیاسییەکان دەگەڕیتەوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، بۆ نمونە پەرلەمانتارێکی دەوڵەتی یاسا ڕایگەیاندوە ئەگەر گۆڕانکاری لە بەهای دیناری عێراقی نەکرێت دەنگ بە پڕۆژە یاسای بودجە نادەن، ئەوەش بەشێوەیەکی ناڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر بەهای دیناری عێراقی دروستکرد، بەشێوەیەک ترسی لای هاوڵاتیان دروستکرد و بووەهۆی ئەوەی کە ئەوانەی سەرمایەیەکیان هەیە بەدۆلاری ئەمریکی بیخەنە بازاڕەکانەوە و ئەوەش تاڕادەیەک بەهای دۆلاری دابەزاند .

ئەوەشی خستەڕوو، لەم چەند رۆژەدا بانکی ناوەندی عێراق دۆلارێکی زۆری خستووەتە بازاڕەوە و هەر ئەمڕۆ نزیکەی ١٠٠ ملیۆن دۆلاری خستووەتە ناو بازاڕ و ئەوەش بە هۆکارێکی دیکەی دابەزینی نرخی دۆلاری ئەمریکی بەرامبەر دیناری عێراقی لەقەڵەم دەدرێت.

وتەبێژی بازاڕی دۆلارەکەی سلێمانی راشیگەیاند، ئەگەرچی ئیمزا بۆ دابەزاندنی نرخی دۆلار لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کۆکراوەتەوە، بەڵام ئەنجومەنی نوێنەران دەسەڵاتی دابەزاندنی نرخی دۆلاری نیه، چونکە بابەتەکە دەگەڕێتەوە بۆ سیاسەتی بانکی ناوەندی و وەزارەتی دارایی.

ئەوەش لە کاتێکدایە، بەپێی میدیا عێراقییەکان، ئەمشەو نرخی هەر دۆلارێکی ئەمریکی لە بەغدا  بۆ 1442 دیناری عێراقی دابەزی، واتە هەر سەد دۆلارییەک بە ١٤٢ هەزار دینار مامەڵەی پێوەکراوە.