بەر لە کشانەوەی هێزەکان عێراق داوای گفتوگۆی ستراتیژی لە ئەمریکا کردووە

24/03/2021
فۆتۆ: 

کۆشکی سپی ئەمریکا ڕایگەیاند، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و عێراق لە مانگی نیسانی داهاتوودا گفتوگۆی ستراتیژی دەستپێدەکەن، لە کۆبوونەوەکانیشدا ئەوە ڕوون بووەتەوە، مانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق بۆ هاوکاریکردنی هێزە عێراقییەکانە لە دژی خۆڕێکخستنەوەی داعش.

جین بساکی وتەبێژی کۆشکی سپی ئەمریکا لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، گفتوگۆکان هەلێکی گرنگە بۆ تاوتوێکردنی بەرژەوەندییە هاوبەشەکانمان لەڕێگەی کۆمەڵێک بوارەوە، کە لایەنی ئەمنی و کلتوری و بازرگانی و کەشوهەوا لەخۆی دەگرێت.

ئاماژەی بەوەشکرد، کۆبوونەوەکان بەشێوەیەکی ڕوونتر ئەوە دەردەخات کە مانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان بەسەرۆکایەتی ئەمریکا، بە مەبەستی ڕاهێنان و پێشکەشکردنی ڕاوێژە بە هێزە عێراقییەکان، بۆ ئەوەی دڵنیایی ئەوە بدرێت کە ڕێکخراوی داعش ناتوانێت بگەڕێتەوە و دووبارە ڕیزەکانی خۆی یەکبخاتەوە.

بە وتەی لێپرسراوە عێراقییەکان دەستپێکردنی ئەو گفتوگۆ و کۆبوونەوە چاوەڕوانکراوەی نێوان ئەمریکا و عێراق لە کاتێکدایە، پێشتر بەغدا داوایەکی فەرمی پێشکەش بە ئیدارەی جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا کردبوو، بە مەبەستی دیاریکردنی وادەی دەستپێکردنەوەی گفتوگۆ سراتیژییەکان، سەبارەت بە پەیوەندییە هاوبەشەکان و کشانەوەی هێزە شەڕکەرەکان لەو وڵاتە.

لە دوای خولی پێشتری گفتوگۆکانی نێوان هەردوو وڵات کە لە مانگی حوزەیرانی ساڵی ڕا بردوودا و لەسەردەمی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ دەستی پێکرد، ئەمجارە یەکەم خولی ئەو وتووێژانە دەبێت لەژێر سایەی ئیدارەی جۆ بایدن.

سەرچاوەکانی هەواڵ دەربارەی گفتوگۆی ستراتیژی داهاتووی نێوان ئەمریکا و عێراق لە زاری سێ لێپرسراوی عێراقەوە بڵاویانکردەوە، عێراق بەم دواییانە یاداشتێکی فەرمی ئاراستەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کردووە، تیایدا داوایکردووە وادەیەکی نوێ دیاری بکرێت، بۆ دەستپێکردنەوەی وتووێژەکانی تایبەت بە پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات و دۆسیەی کشانەوەی ئەو هێزانەی دیکەی ئەمریکا، کە هێشتا لە عێراقدا ماونەتەوە .

بە گوتەی ئەو لێپرسراوە عێراقیانە، یاداشتەکەی عێراق لە لایەن ماسیۆ تولەر باڵیۆزی ئەمریکا لە بەغدا لە سەرەتای مانگی ڕابردودا وەریگراوە  و هەردوو هیواخوازن لە مانگی نیسانی داهاتوو بە فەرمی گفتوگۆی ستراتیژی نێوان هەردوو وڵات دەستپێبکات .

پێشتریش لێپرسراوە عێراقی و ئەمریکییەکان ڕایانگەیاندبوو، پشتیوانی دیاریکردنی وادەیەک دەکەن بۆ کشانەوەی هێزە بیانییەکان لە عێراق، بەڵام لەسەر چوارچێوەی کاتەکە و قەبارەی ئەو هەرەشانەی کە داعش دروستیان دەکات دوای کشانەوە ڕێکنەکەوتوون .

ئامانجی سەرەکی لە دەستپێکردنی گفتوگۆی ستراتیژی نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا  و عێراق، دیاریکردنی داهاتووی پەیوەندییەکانی نێوان ئەمریکاو عێراقە.

پێشتر بەهۆی هێرشە ئاسمانییەکەی کە لە لایەن ئەمریکاوە ئەنجامدرا و تیایدا هەریەکە لە قاسم سولەیمانی سەرۆکی پێشووی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران و ئەبو مەهدی موهەندیس، جێگری سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی تیا کوژران، پەیوەندییەکانی نێوان واشنتۆن و بەغدا ئاڵۆزییان تێکەوت.

پێشتر عێراق و ئەمریکا دوو خولی دانیشتنی ستراتیژیان ئەنجامداوە، یەکێکیان لە مانگی حوزەیران و ئەویدیکەیان لە مانگی ئابی ساڵی ڕابردوودا، لەو بابەتانەش کە چاوەڕواندەکرێت لە دانیشتنی داهاتوودا گفتوگۆیان لەبارەوە بکرێت، بوون و مانەوەی هێزەکانی ئەمریکایە لە عێراق، هەروەها مامەڵە و هەڵسوکەوتی ئەو گروپە چەکدارانەیە کە لە درەوەی دەسەڵاتی دەوڵەت چالاکی دەکەن، هەروەها ئەو قەیرانی ئابورییەی کە عێراقی شپرز کردووە.