وەزارەتی بەرگری عێراق: 3 داواکراو بە تۆمەتی تیرۆر لە سلێمانی دەستگیر کران

24/03/2021
فۆتۆ: 

وەزارەتی بەرگری عێراق بڵاویکردەوە، ٣ کەسی داواکراو بە تۆمەتی تیرۆر لە شاری سلێمانی دەستگیر کران.

وەزارەتی بەرگری عێراق لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، لە دەرئەنجامی هەماهەنگی بەرز و ورد لە نیوان بەڕێوەبەرایەتی دەزگای هەواڵگری و ئاسایشی سلێمانی، سەر بە بەڕێوەبەرایەتی هەواڵگری و ئاسایش و بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی سلێمانی بە هێزێکی هاوبەش ٣ کەسی داواکراو بە گوێرەی مادەی ٤ی تیرۆر دەستگیر کراون.

لە ڕاگەیەندراوەکەی وەزارەتی بەرگری عێراقدا ئاماژە بەوەشکراوە، ئەو ٣ کەس لە شاری سلێمانی بوون و وایان زانیووە دوورن لە چاوی دەزگا ئەمنییەکانەوە، بەڵام لە ئەنجامی هەماهەنگی هاوبەش هەرسێ تۆمەتبارەکە دەستگیر کران و ڕادەستی دادگا کراون بۆ ئەوەی سزای دادپەروەرانەی خۆیان وەربگرن.