گەورەترین تابلۆی شێوەکاری جیهان بە 62 ملیۆن دۆلار فرۆشرا

24/03/2021
فۆتۆ: 

گەورەترین تابلۆی شێوەکاری جیهان بە 62 ملیۆن دۆلار لە دوبەی فرۆشرا و داهاتەکەشی دەدرێت بە رێکخراوەکانی خێرخوازی بۆ یارمەتیدانی منداڵانی هەژار.

تابلۆیەکی شێوەکاری بەناوی "گەشتی مرۆڤایەتی" لەلایەن ساشا جەعفەری شێوەکاری بەڕەچەڵک ئێرانی – هندستانی لە شاری دوبەی ئیمارات دروستکراوە.

قەبارەی تابلۆکە 1600 مەتر چوارگۆشەیە و لە ٧٠ پارچە پێكهاتووە، ئەگەرچی ساشا جەعفەری بەنیازبوو پارچەکان جیا بەجیا بفرۆشێت، بەڵام ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٤ی٣ی٢٠٢١، ئەندریە عەبدون بازرگانێکی فەڕەنسی سەرجەم پارچەکانی لە مەزادێکی ئاشکرادا بە بەهای ٦٢ ملیۆن دۆلار کڕی.

ساشا جەعفەری لە شارەکانی لەندەن و نیۆیۆرک و دوبەی چالاکی دەکات و لە ماوەی هەشت مانگدا توانی لە دوبەی ئەو تابلۆیە دروست بکات کە بە گەورەترین تابلۆی شێوەکاری جیهان لەقەڵەم دەدرێت.

لە تابلۆ هونەرییەکەیدا، جەعفەری کەڵکی لەو وێنانە وەرگرتووە کە لەلایەن منداڵان لە سەرانسەری جیهانەوە بۆی نێردراوە.

ساشا جەعفەری رایگەیاندووە، تەواوی داهاتی ئەو تابلۆیە دەدات بە رێکخراوە خێرخوازییەکانی "یونیسێف"، "یونسکۆ"، "چاودێری دوبەی" و "ناوەندی جیهانی هەدیە"، بە مەبەستی یارمەتیدانی منداڵانی هەژار لە وڵاتانێکی وەک بەڕازیل، هندستان، ئەندۆنیسیا و ئەفریقای باشوور.