خوێنم ژەهراوی بووە

25/03/2021
فۆتۆ: 

حسەین لەتیف

لە مەمکەکانی دایکم، شیر و شەرم و ترسم خواردووەتەوە .

شەرم و ترس، میراتێکی لە بن نەهاتووی خێزانەکەمانن .

ساپیتەی خانووەکەمان ئێجگار نزمە، ڕیش سپییەکانمان پێیان وایە تەنها ماڵی خودا و ماڵی پادشایان  بەرزن،

هەر لە بە رئەوەش سەیری ئاسمان ناکەن، تەنها ئەو کاتانە نەبێت دەپاڕێنەوە .

بە هیچ جۆرێک پڕکێشی سەیرکردنی ئاسمان ناکەن،

هەتا تەڕ نەبن نازانن ئاسمان ساماڵە یان نا .

لە نیوەڕۆکانی هاوینیش دا وەک ئەوەی تەمێکی چڕ بەر بیناییانی گرتبێت،  جگە لە بەرپێی خۆیان هیچ نابینن. خێزانەکەمان گوندەکەیان بە چەقی گەردوون دەزانن، دەزانن گوندی تر هەیە، شاری تر هەیە، وڵاتی تر هەیە بەڵام ریسکی بینینی ناکەن .

گوندەکەمان، بۆ ئێمە، لە منداڵی دا بێشکەیە،لە پیری دا، گۆڕە .

من کوڕێکی شەلاتیم، لە خودا دوور، چوونکە دەمەوێت لە بریتی هەموو خەڵکی گوند سەیری ئاسمان  بکەم و گوندی تر ببینم. شەریعەتێک بۆ ئێمە ماوەتەوە، مانەوەی مناڵەکانی لە خەرەند دا، هەزاران جار لە خەیاڵکردن بە چوونە سەر شاخ پێ باشترە .

لە شەریعەتی خێزانەکەمان دا ، هەرکەس بیر لە فڕین بکاتەوە، پەڕ و باڵی دەکەن. من لە نووسین دا فڕین ئەزموون دەکەم. بە راست نووسین کردەیەکی ئازایانەیە؟ من یەکەمین کەسی خێزانێکم دەمەوێت ژیانێکی تر  بژیم، گەمەیەکی جیاوازتر بکەم .

وەک کوڕێکی شەلاتی،حەزدەکەم، ئەو شیعرانەی دەیاننووسم،هاوشێەوەی تەقینەوەی ئەتۆم لە هەودا،

لە خەیاڵی تۆی خوێنەر دا بتەقنەوە .

بنەماڵەکەمان لە خەرەندێکدان، ئاسمان لە خەیاڵ و چاوی ئەواندا، هێندەی دەمی خەرەندەکەیە، بیرکردنەوە لە فڕین ، دەرچوونە لە یاساکانی خێزان و گوند. خێزانەکەمان نازانن مانەوە لە خەرەند دا هاوتای مردنە، ئەوان دەبینم بە کۆمەڵ مردوون. من خەون بە فڕینەوە دەبینم. خەون بینین بە فڕینەوە جیاوازی نێوان من و ئەوانە .

 من خەون بە فڕینەوە دەبینم،کەواتە هەم .

ئەوان خەون بە بینینی گوندی تر و ئاسمانی ترەوە نابینن، کەواتە ئەوان نین .

دژی چارەنووسی خۆم لەجەنگدام، لەگەڵ چارەنووسی خۆم دەجەنگم، دۆڕان و بردنەوە تەنها گریمانەن .

جەنگان لە دژی چارەنووس شیعرێکە ،  بە تەنها  خوداکان و شاعیرەکان لێی تێدەگەن. تۆ ئەی خوێنەر، ئەی کەسی گریمان نەکراو، گەر شیعر بە دەمارەکانتا هاتووچۆ ناکات، گەر توانای فەرامۆش کردنی دایکت نییە، ئەم شیعرە مەخوێنەوە، خۆت مەخە جەنگی  واتاوە .

"گەمژەیی خودای منە"*.دەمەوێت ئەو خودایە بکوژم، خودایەکی تر بدۆزمەوە،خودای ناو خەرەند نەبێت، خودای ئاسمانەکان نەبێت، خودایەک بێت لە زماندا، مرۆڤ بەبێ خودا دەبێت بەدێو .

شیعر رێگایەکی باریک و درێژ و تیژە، پێویستە بە رووتی، بە پێ خاوسی بە سەریدا  بۆ لای خۆت، بۆ لای خودا برۆیت. من رێگاکەم هەڵەکرد، "ڤەرجیل "**م لە گەڵ نەبوو،دەمەوێت لە ژەهری شەرم و ترس و دەبەنگی پاک ببمەوە، من خوێنم ژەهراوی بووە، وا ژیانیش درەنگی کرد،نازانم کەی دەگەم بە خۆم؟کەی دەگەم بە خودا؟

سەرەڕای هەموو شتێک تروسکەی کزی هیوایەک، بۆ لای خۆیم دەبات .

*گواستنەوەی دێڕێکی ئارسە رامبۆیە  دەڵێت:"بەدبەختی خودای من بوو " .

**مەبەست لە ڤەرجیلی شاعیرە، وەک رێزانێک هاوسەفەری دانتی بوولە نێوان بەرزەخ و دۆزەخ و بەهەشت .