وەزارەتی پەروەردەی هەرێم چەند بڕیارێکی نوێی دەرکرد

25/03/2021
فۆتۆ: 

وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، لەبەر زیادبوونی رێژەی تووشبوون ومردن بە ڤایرۆسی کۆرۆنا، چەند بڕیارێکی نوێیان دەرکردووە.

بەپێی یەکێک لە بڕیارەکان، جگە لە قۆناغی ١٢ی ئامادەیی و پەیمانگاکانی سەر بە وەزارەتی پەروەردە (حکومی - ناحکومی)، سەرجەم قۆناغەکانی دیکەی خوێندن دەوام تا رێککەوتی ٨ ی ٤ ی ٢٠٢١، تەنها بۆ ئەنجامدانی  هەڵسەنگاندنی بازنەی یەکەم و تاقیکردنەوەکانی (٢٠) نمرەی نوسینەکی لە قوتابخانە حکومییەکان و تاقیکردنەوەی کۆتایی وەرز لە قوتابخانە ناحکومییەکان دەبێت.

وەزارەتی پەروەردەی هەرێم راشیگەیاندووە، هەموو ئەو قوتابخانە حکومیانەی هەڵسەنگاندنی بازنەی یەکەم و تاقیکردنەوەی (٢٠) نمرەی نوسینەکیان کردووە دەوامیان تا ٨ی ٤ی ٢٠٢١، رادەگیرێت.

دەقی راگەیەندراوەکەی وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان:

پاڵپشت بەو دەسەڵاتەی پێماندراوە لە کۆبوونەوەی لیژنەی باڵای رووبەرووبونەوەی کۆرۆنا لە  رێکكەوتی  ١ ی ٣ ی ٢٠٢١، وە لە کۆبوونەوەی ئەمرۆ پێنج شەممە رێککەوتی ٢٥ ی ٣ ی ٢٠٢١، بەرێزان ( وەزیری پەروەردە و بریکاری وەزارەت و بەرێوەبەری گشتی پەروەردەی پارێزگاکان ) ، لەبەر زیادبوونی رێژەی تووشبوون ومردن بە ڤایرۆسی کۆرۆنا ، ئاماژە بە هەڵسەنگاندنی تەندروستی، بریاردرا :

١- جگە لە قۆناغی ١٢ی ئامادەیی و پەیمانگاکانی سەر بە وەزارەتی پەروەردە ( حکومی - ناحکومی )  سەرجەم قۆناغەکانی دیکەی خوێندن دەوام تا رێککەوتی ٨ ی ٤ ی ٢٠٢١، تەنها بۆ ئەنجامدانی  هەڵسەنگاندنی بازنەی یەکەم و تاقیکردنەوەکانی (٢٠) نمرەی نوسینەکی لە قوتابخانە حکومییەکان و تاقیکردنەوەی کۆتایی وەرز لە قوتابخانە ناحکومییەکان دەبێت. پاشان لە کۆبوونەوەی لیژنەی باڵای کۆرۆنا هەڵسەنگاندنی نوێ بۆ دۆخی تەندروستی دەکرێتەوە.

٢-هەموو ئەو قوتابخانە حکومیانەی هەڵسەنگاندنی بازنەی یەکەم و تاقیکردنەوەی (٢٠) نمرەی نووسینەکیان کردووە دەوامیان تا ٨ی ٤ی ٢٠٢١، رادەگیرێت .

ڕاگەیاندنی وەزارەتی پەروەردە

        ٢٥ ی ٣ ی ٢٠٢١