سوریا: لەم مانگەدا ئەمریکا 150 بارهەڵگر گەنمی سوریای گواستووەتەوە بۆ عێراق
ئاژانسی هەواڵی سانای فەرمی سوریا بڵاویکردەوە، هێزەکانی ئەمریکا، ژمارەیەک بارهەڵگری پڕ لە گەنمی سوریایان بردووەتە دەرەوەی سنور بە ئاراستەی عێراق.
ئاژانسەکە ڕایگەیاند، هێزەکانی ئەمریکا، ئەو کۆمەڵە بارهەڵگرە پر لە گەنمەیان لە دەروازەی سیملکای سنوری لەگەڵ باکوری عێراق لە ڕیفی حەسەکەوە بردووەتە ناو عێراقەوە.
بە گوێرەی ئاژانسەکە، کاروانەکە پێکهاتوون لە ١٨ بارهەڵگری گەورە، کە سەرجەمیان گەنمی سورییان بارکردووە و چوونە ناو خاکی عێراقەوە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، هێزەکانی ئەمریکا بەردەوام لەو دەروازە سنورییەوە سەروەت و سامانی سورییەکان لە نەوت و گەنم دەزن و دەیبەنە دەرەوە.
ئاژانسی سانا ئاشکرایکردووە، لە ماوەی ئەم مانگەدا هێزەکانی ئەمریکا بڕی ١٥٠ بارهەڵگری پڕ لە گەنم و زیاتر لە ٥٠٠ تانکەر نەوتی دزراوی سوریایان بردووەتە دەرەوەی سنور.
|