یەکێتی ئەوروپا تورکیا دەخاتە ژێر چاودێرییەوە

25/03/2021
فۆتۆ: 

بەهۆی خراپی دۆخی ماف و ئازادییەکان لە تورکیا، ئەمڕۆ ڕێکخراوی ئەوروپا بڕیار دەدات لەسەر چاودێرخستنە سەر ئەو وڵاتە تا مانگی حوزەیرانی داهاتوو، سەرباری ئەوەی رەجەب تەیب ئەردۆغان بەڵینی داوە بە چاککردنی.

شارل میشال سەرۆکی ئەنجومەنی ڕێکخراوی یەکێتی ئەوروپا ڕایگەیاند، سەرباری ئەوەی وڵاتانی ئەوروپا خوازیارن بە ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانیان لەگەل تورکیا، بەڵام پشت دەبەستن بە جوڵەی پلە بە پلە و مەرجدار.

بەهۆی مەترسییەکانی کۆرۆناوە کۆبوونەکەی یەکێتی ئەوروپا لەڕێگەی ڤیدیۆوە دەبێت و ڕۆژانی پێنجشەممە و هەینیش بەردەوام دەبێت، بێ ئەوەی هیچ گفتوگۆیەکی لاوەکی تیا ئەنجام بدرێت.

بڕیاریشە لە کۆبوونەوەکەدا جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکاش بەشدار بێت، بە مەبەستی ئاراستەکردنی پەیامێکی یەکلاکەرەوە بۆ سەرۆک کۆماری تورکیا.

لە میانی گفتوگۆکانی ڕۆژانی سێشەمە و چوارشەممەی ئەم هەفتەیەش لە ڕێکخراوی ناتۆ، ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ئاشکرایکرد، چیتر ناکۆکیەکانیان شارەوە نییە لەگەڵ تورکیادا.

سەرباری ئەو کەشە ئاڵۆزە، بەڵام ئەمریکا و ئەوروپییەکان پێکەوە رەتیدەکەنەوە پردی پەیوەندییەکان لەگەڵ ئەنکەرەدا بپچڕێنن، لەو بارەیەشەوە وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاند "تورکیا هاوپەیمانێکی دێرین و گرنگە و بەرژەوەندی گەورەمان هەیە بۆ ئەوەی پارێزگاری لی بکەین لە ناو ڕێکخراوی ناتۆدا".

لە لایەکی ترەوە ماریۆ دراگی سەرۆک وەزیرانی ئیتالیا ڕایگەیاند، هەڵوێستی ئەوروپا جەختکردنەوەیە لە بایەخی دوورخستنەوەی ئەو دەستپێشخەریانەی کە دەبنە هۆی دابەشبوون، بەڵام پێویستیشە رێز لە مافی مرۆڤ بگیرێت.

ئەو بڕیارەی ئەردۆغانیش سەبارەت بە کشانەوە لە ڕێککەوتنی ئیستەبوڵی تایبەت بە ڕێگریکردن لە توندوتیژی دژی ژنان، کە هاوکاتە لەگەل نزیکبوونەوەی گفتوگۆکان لەگەل سەرۆکی کۆمسیۆنی یەکێتی ئەوروپا، بە گورزێکی کاریگەر دادەنرێت بەر پەیوەندییەکانی ئەوروپا و تورکیا دەکەوێت.

لەو بارەیەوە جۆزیب بۆریل وەزیری دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا هۆشداریدا لە بڕیارەکانی ئەم دواییەی دەسەڵاتدارانی تورکیا، سەبارەت بە پاشەکشەکردن لە مافە بنەڕەتییەکان و نەمانی راستگۆیی سەبارەت بە پابەندبوون بە چاکسازییەکانەوە.

وەزیری دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا جەختیکردەوە، ئەوروپییەکان متمانەیا نییە بە سەرۆک کۆماری تورکیا، چونکە پابەندی بەڵێنەکانی نابێت و خواستی ئینتهازیانەشی هەیە لە ئاساییکردنەوەی دۆخەکە.

دیپلۆماتکارێکی یەکێتی ئەوروپا بە ئاژانسی فرانس پرێسی ڕاگەیاندووە، تا چەند مانگی داهاتوو بە وریایی و هۆشیارییەوە سەیری رەوشەکە دەکەن، بۆ ئەوەی بزانرێت کە ئاخۆ لە مانگی حوزەیرانی داهاتوودا زەمینە لەبارە بۆ ئاسایی بوونەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ ئەنکەرەدا.

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەگەرتێبنی ئەوە کرا تورکیا پاکشەی کردووە لە بەڵینەکانی ئەوا یەکێتی ئەوروپا توانی بەرگریکردن لە بەرژەوەندییەکانی خۆی هەیە، چونکە پێداویستییەکانی ئەو بەرگریکردنە ئامادەن.