ئەنجێلا مێرکڵ داوای لێبوردنی لە گەلی ئەڵمانیا کرد

26/03/2021
فۆتۆ: 

ئەنگێلا مێرکڵ ڕاوێژکاری ئەڵمانیا داوای لێبوردنی لە گەلی وڵاتەکەی کرد، بەهۆی داخستن و راگەیاندنی کەرەنتینەی گشتی لە کاتی ئاهەنگی جەژنی لێبوردن و بڕیارەکەی بە هەڵە لە قەلەمدا.

مێرکڵ لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا وتی "هەڵە دەبێت بە هەڵە هەژمار بکرێت، بەڵام کرنگترین شت ئەوەیە کە پێویستە چاکبکرێتەوە ئەگەر توانرا لە کاتی گونجاوی خۆیدا".

ڕاوێژکاری ئەڵمانیا ڕاشیگەیاند "دەزانم پێشنیازەکە جۆرێک لە ناڕۆشنی دروستکرد، من زۆر داوای لێبوردن دەکەم و داوا لە هەموو هاوڵاتییەک دەکەم بمبەخشێت".

ئەو داوای لێبوردنەی ڕاوێژکاری ئەڵمانیا لە کاتێکدایە، پێشتر و لە کاتی پشووەکانی جەژنی لێبوردەییدا، دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتە بڕیاری قەدەغە و داخستنی هەموو چالاکییەکانیان بۆ ماوەی ٥ ڕۆژ، بە مەبەستی رێگریکردن لە تەشەنەکردنی زیاتری ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ناوخۆیی ئەو وڵاتەدا.

ئەوکات بە گوێرەی بڕیارەکە جگە لە سۆپەر مارکێتەکان، سەرجەم بازاڕ و شوێنە گشتییەکانی ئەڵمانیا داخرا، کە تەنها ڕۆژێک بەر لە جەژنی لێبوردەیی بڕیارەکە درا.

بڕیاری ڕاگەیاندنی کەرەنتینەی گشتی لە ئەڵمانیا، رووبەڕووی رەخنە و گلەییەکی زۆر بۆوە، چونکە کۆمپانیاکان پێیان وابوو ، بڕیارەکە پشیتوانی لە دۆخی ئیفلاس بوون دەکات لە وڵاتدا.

تا ئێستا لە وڵاتی ئەڵمانیا ٢ ملیۆن و ٨٠٠ هەزار کەس تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون و زیاتر لە ٧٥ هەزار کەسیش بەهۆی ڤایرۆسەکەوە گیانیان لەدەستداوە.