هەفتانە دەتوانێت بێ ترس چەند لە کێشت دابەزێنێت؟

27/03/2021
فۆتۆ: 

پسپۆڕانی بواری خزمەتگوزاری تەندروستی نیشتیمانی لە بەریتانیا ڕایدەگەینن، کەسەکان دەتوانن هەفتانە ٥٠٠ گرام تا کلیۆیەک لە کێشیان دابەزێنن، بێ ئەوەی مەترسی هەبێت لەسەر تەندروستیان.

ئەو پسپۆڕانە ئامۆژگاری کەسەکان دەکەن لە پێناو دابەزاندنی کێش بەشێوەیەکی گونجاو، پێویستە ڕێژەی کالۆرییەکانی ناو خۆراکەکان کەمتر بکەیتەوە و چالاکی وەرزشیش ئەنجام بدەیت.

بە گوتەی ئەو پسپۆڕانە ئەگەر ئەو شێوازە لە ژیان پەیڕەو بکرێت، بەشێوەیەکی تەندروست کێشی خۆت دادەبەزێنێت، بەڵام بەو مەرجەی لەسەری بەردەوام بیت ، چونکە ئەگەر وازی لێ بهێنرێت دووبارە لاشەیان دەگەڕێتەوە بۆ سەر هەمان دۆخی پێشوویان.

پسپۆڕانی بواری خۆراک ئاماژە بەوە دەکەن، پەنا بردن بۆ دابەزاندنی کێش بەشێوەیەکی زیاد لە پێویست، کاریگەریی خراپی لەسەر تەندروستی دەبێت و کێشەی تەندروستی جیاجیات بۆ دروست دەکات.

(یۆری کونیف) پزیشکی پسپۆڕی بواری کەسانی بە تەمەن لە ڕوسیا ئاماژە بەوە دەکات، پەیرەوکردنی سیستمێکی خۆراکی تەندروست و خۆ ڕزگارکردن لە کێشی زیاد، پەیوەندیی هەیە بە تەمەنەوە، چونکە ئەگەر زیادەڕەوی تیا بکرێت، لەبری تەندروست بوون کێشەی تەندروستی بۆ مرۆڤەکان دروست دەکات.

بە گوتەی ئەو پزیشکە، باشتروایە پێش تەمەنی ٦٠ ساڵی مرۆڤ خۆی ڕزگار بکات لە کێشی زیادە، بۆ ئەوەی کاتێک نزیک دەبێتەوە لە تەمەنی پیربوون، با کێشت سروشتی بێت، چونکە لەو کاتانەدا لاشەت داوای بڕێکی زیاتر لە خۆراک دەکات، وەک لەوەی پێویستی پێیەتی.