نووسەری کورد (عەتا محەمەد) چوار ڕۆمان پێکەوە بڵاودەکاتەوە

27/03/2021
فۆتۆ: 

ڕۆمانەکان چوارینەن و ڕیزبەندییان بە ژمارە لەسەر دانراوە

نووسەری کورد (عەتا محەمەد) پاش چەند ساڵێک لە چاپ بوونی ڕۆمانی (هەنار و فریشتەی مەرگ) کە سێینەبوو لەگەڵ دوو ڕۆمانی پێشووتری هەمان نووسەردا بە ناوەکانی (پاسەوانانی خودا، ڕێبەری کتێبسازە کوژراوەکان)و پێشوازییەکی بەچاویان لەلایەن خوێنەرانەوە لێکرا. ئەمجارە بڕیارە ئەم نووسەرە چوار ڕۆمان پێکەوە چاپ بکات، بە ناوەکانی (١٠١ پەراوێز لەبارەی ژیانە ئاڵۆزەکەی بێکەسەوە، ١٠١ پەراوێز لەبارەی تێڕوانینە سادەکانی بێبەشەوە، ١٠١ پەراوێز لەبارەی بیرکردنەوە سەیرەکانی بێخودەوە).

بەوپێیەی لەسەر بەرگی هەریەک لە ڕۆمانەکان بە ژمارە ئاماژەی بۆ کراوە، ئەم کارە نوێیانەی نووسەر چوارینەن و بە شێوەی ڕیزبەند دەخوێندرێنەوە، ئەمەش ئەوە دەگەێنێت پەیوەندیی لە نێوانیاندا هەیە، ئەو پەیوەندییەش هێشتان ڕوون نییە، چونکە ڕۆمانەکان هێشتان بەردەست نین و نەخوێندراونەتەوە، بەڵام ئەو خوێنەرانەی ئاشنای بەرهەمەکانی ئەم نووسەرە بن، دەزانن نووسەرێکی خاوەن تەکنیکی جۆراوجۆرە لە هونەری ڕۆماننووسیندا، بۆیە خوێنەرانی کارەکانی بە تامەزرۆییە چاوەڕێن ئاشنای یارییە فەنتاسییەکانی ببن و لەگەڵ ڕووداوە سەرسوڕهێنەرەکانی هەریەک لەم ڕۆمانانەدا گەشت بکەن، گەشتی ستایکی و هونەریی لەگەڵ خەیاڵی نووسەرێکدا کە لە یەکەمین هەنگاوەکانییەوە توانیوویەتی سەرنجی خوێنەرانی بەلای کارەکانیدا بەرێت و بەرهەم لە دوای بەرهەمیش چاوەڕوانییەکانی خوێنەر بۆ کارە ئەدەبییەکانی زیاتر بکات .

شایەنی ئاماژەیە نووسەری کورد (عەتا محەمەد) خاوەنی چەندین بەرهەمی ئەدەبییە، لە بوارەکانی ڕۆمان و چیرۆک و کتێبی ئەندێشەیی کە دەکرێت وەک چەشنێک لە نووسین تەماشای بکەین، کە هەر خۆی خاوەنێتی لە ئەدەبیاتی کورییدا، هەروەها بەشێک لە کارەکانی وەرگێڕدراون بۆ زمانەکانی دیکە.

ئەمانەی خوارەوە بەرگی هەریەک لە ڕۆمانە نوێیەکانی عەتا محەمەدن: